کشانەوەی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و داهاتووی ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ بارزانی

(0) / / فایلی تایبەت / موقتەدا سەدر


Jul 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەدر کشانەوەی ڕەوتەکەیی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند و چارەنووسی ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ بارزانیش نادیارە.

سەرۆکی ڕەوتی سەدر بڕیاری بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەرکرد و وەزیرەکانیشی لە حکومەتی ئەم وڵاتە کشاندەوە.

موقتەدا سەدر لە وتارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند بڕیاریداوە کە ڕەوتی سەدر بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری عێراق نەکات.

ناوبراو ئاماژەی بە پیلانێک بۆ لاوازکردنی عێراق داوە و وەزیرەکانی ڕەوتی سەدریشی لە حکومەت کشاندەوە.

لە ماوەی ڕابردوو هەواڵی ڕێکەوتنێکی سەدر و بارزانی گەیشتە میدیاکان. بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش بڕیار بووە کە سەدرییەکان سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان بکەن و پۆستی سەرۆک کۆماریش بدرێت بە بارزانییەک.

لاوازییەکەی حیزبە کوردییەکان لەوەدایە کە تا ئێستا لەو ڕاستییە تێنەگەیشتوون کە موقتەدا سەدر بە پیاوە سیاسییە پێشبینی نەکراوەکەی عێراق ناسراوە و کەس نازانێت چی لە مێشکیدا دەگوزەرێت. ڕۆژێک لە تاران لە تەنیشت ڕێبەری باڵای ئێران دەردەکەوێت و ڕۆژی دواییش لە ژوورە تایبەتەکەی محەممەد بن سەلمان وێنەی بڵاو دەبێتەوە. ڕۆژێک دەڵێت سەد کورسی پەرلەمانی داهاتووی عێراق مسۆگەر دەکەین و ڕۆژی دواتر لە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان پاشگەز دەبێتەوە. هەر بۆیە چارەنووسی ئەو ڕێکەوتنەی سەدرییەکان و پارتی، هەڵوەشانەوەیە و ڕەنگە پارتی لە پاش سەردانی شاندەکەی بۆ تاران بڕیاری نزیکبوونەوە لە هێزە شێعەکانی سەر بە ئێران بدات./.