هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق دوا دەخرێت
(0) /
سالار مەحمود
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوادەخرێتو عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک دەڕواتو ئەوسەری تونێلیش دیارنییە. وڵاتەکە وەک بڵێی لەسەر لێواری ڕووداوێک یا لافاوێک بێ، عێراق بەو جۆرە چاوەڕوانی بومەلەرزەیەک دەکات.
ئاماژەکان وا دەردەخەن دۆخی عێراق تەحەمولی ئەو هەموو کێشانە ناکەن، دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەگەرێکی بەهێزە، چونکە هەڵبژاردن زەمینەیەکی ڕەخساوی پێویستە ئەو زەمینەیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرتەسکتر دەبێتەوە.
بەتایبەتیش بەشدارینەکردنی ئەیاد عەلاویو ڕاگەیاندنی پاشەکشەی سەدریەکان لەهەڵبژاردنو لەحکومەتیش ئاماژەن.
پارێزگای ناسریە وەک ناوەندێکی ڕوناکبیریی لەمێژوی عێراقدا ڕۆڵی گەورەی هەبوە لەوەرچەرخانو گۆڕانە سیاسیەکان، لەدەستپێکی خۆپیشاندانەکانی پێرارەوە تائێستا ئەوشارە ئەکوڵێو ناگیرسێتەوە، بەپێچەوانەی هەموو پارێزگاکانی تری باشور.
پێ ئەچێ ئاگری ئەو پارێزگایە جارێکی تر هەموو پارێزگاکانی تر بگرێتەوە، بەتایبەتی دوای گوتاری کشانەوەی موقتەدا سەدر لەهەڵبژاردنو بوونی ململانێی توند لەنێوان پارێزگاری ناسریەو خودی سەدریەکان.
هەر چەندە موقتەدا سەدر هەر 10 ڕۆژ جارێک میزاجێکی جیاوازی خیتابی هەیەو دورنییە هەفتەی داهاتوو شتێکی پێچەوانە بڵێت.
سەدریەکان بەهۆی ئەوەی هەردوو وەزارەتی تەندروستیو کارەبا لەلای ئەوان بوە زۆر سەرکۆنە دەکرێن دوای ئیستقالەکردنیشیان بەهۆی سوتانی خەستەخانەکان لەبەغداو ناسریەو مردنی سەدان هاوڵاتی.
بەشدارینەکردنی ئەیاد عەلاوی لەهەڵبژاردنو سەدریەکانیش وادەکەن لایەنی تریش هەمان هەڵوێست ڕابگەیەنن.
خۆڕێکخستنەوەو جوڵەی گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی حکومەتو تێکچونی تەواوەتی ئاوازی سیاسی ناوماڵی شیعە ئاماژەن، کەدۆخی عێراق لەبارێکی دژواری سیاسیو کۆمەڵایەتی ئەووتۆدایە ئاسۆی ئارامی تیا بەدیناکرێت.
حکومەتو پەرلەمانی عێراقیش نەیانتوانی لەکێشەکانی خەڵک کەمبکەنەوەو ڕوبەڕوی گەندەڵی ببنەوەو پڕۆژەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بکەن بەیاسا.
عێراق هاوینێکی سەختی پڕ لەڕوداوی چاوەڕواننەکراو بەڕێدەکاتو هەرێمی کوردستانیش سەرباری کێشەکانی خۆی بەدەرنابێ لەکاریگەریەکانی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی عێراق./.
تێبينيێك بنێرە: