یەکێتی، گۆڕان و داهاتووی هاوپەیمانی کوردستانی

(0) / / ڕاپۆرت / یەکێتی نیشتمانی کوردستان


Jul 25, 2021

قەبارەی فۆنت:

کاتێک لاهور شێخ جەنگی هاوڕێ لە گەڵ بافڵ تاڵەبانی ڕێکەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی هاوبەشیان لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی بەشداری و پێکەوەکارکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق واژۆ کرد، قەد بیری لەوە نەدەکردەوە کە ڕۆژێک بگات چارەنووسی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەم شێوازە بێت کە لە دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکی بێبەش بکرێت و بە ناچاری وازهێنانی لە سەرۆکایەتی هاوپەیمانی کوردستانیش ڕابگەێنێت.

لاهور شێخ جەنگی بە ڕاشکاوانە باسی ئەوەی دەکرد کە هاوپەیمانی کوردستانی هەنگاوێکە بە ئاراستەی گەڕانەوەی باڵانسی هێز لە هەرێمی کوردستان. هەندێک لە شارەزایان لەو بڕوایەدا بوون کە ڕێکەوتنە نوێکەی یەکێتی و گۆڕان لە ڕاستیدا هەمان ڕێکەوتنی پێشووی دەباشانە کە لە نێوان هەر دوو خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا واژۆی لە سەر کرا و بە چەند هۆکارێک نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بە پێی ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگی بە چەشنێک سەرکردایەتی بەرەی ناڕازیی بەرامبەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەکرد، چاوەڕوان دەکرا بەدەر لە دەنگی یەکێتی، تەنانەت دەنگە ناڕازییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ هاوپەیمانی کوردستان بگەڕێنێتەوە. ئێستا بە ڕووداوەکانی ناوخۆی یەکێتی و دوورکەوتنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە سەرکردایەتی ئەم حیزبە و هەروەها چارەنووسی نادیاری ناوبراو، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە هاوپەیمانی کوردستانی بە کوێ دەگات؟ ئایا دەتوانێت ململانێی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و دەنگەکانی ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنەکاندا بکات؟ ئایا یەکێتی و گۆڕان دەبنە بەرەیەکی بەرامبەر بە پارتی یان چیدی بە سیاسەتی نوێی یەکێتی و ئەگەری زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی، پێویست بەم ڕێکەوتنەی لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ناکات؟

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی و گۆڕان بدەین:

یەکێتی نیشتمانی کوردستان

یەکێتی بە حیزبێک ناسراوە کە هەردەم ڕای جیاوازی تێدا بووە و چەند ئاراستەی تێدا بەدی کراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە لە ئێستادا ئەم حیزبە بە هەستیارترین قۆناغی خۆیدا تێپەڕ دەبێت.

بێ گومان بەشێک لە لایەنگران و ئەندامانی یەکێتی، بە جەماوەری لاهور شێخ جەنگی دادەنرێن، بەشێک لە بەرپرسان و پلەدارەکانی یەکێتی سەر بە لاهور شێخ جەنگی، بەرژەوەندییەکانیان و پلە و پۆستەکانیان کەوتووەتە بەردەم مەترسییەوە و ڕەنگە مامەڵەی دەباشان لە گەڵ ئەوان شێوازی دیکەی هەبێت.

باڵی سەرکردەکانی پێشووی یەکێتی، ئەوانەی کە لە پاش کۆنگرەی چوارەم بوونە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی ئەم حیزبە، ڕەنگە بە نیگەرانییەوە لە ڕووداوەکانی 8 ی تەمموز بڕوانن و مامەڵەی بافڵ تاڵەبانییان هێندە بە دڵ نەبێت و مەترسی لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوانیش لە داهاتوودا هەبێت.

ئەوەی کە بە پلانی چاکسازی لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە باس دەکرێت، بە دڵنیاییەوە لە لایەن سەرجەم ئەندامان و بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە قبووڵکراو نییە و ئەمەش کەلێن و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەم حیزبە زیاتر دەکات.

حیزبێک وەک یەکێتی بەم دۆخە ناوخۆییەوە پێ بنێتە هەڵبژاردنەکانەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەی دەنگەکان و کورسییەکانی لە پەرلەمانی عێراق بەراورد بە خولی ڕابردوو تووشی دابەزین بێت.

بزوتنەوەی گۆڕان

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ناکۆکی جیدییان لە گەڵ سەرکردایەتی ئەم حیزبە هەیە.

دابەشبوون لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکە لە کێشە ناوخۆییەکانی ئەم حیزبەیە.

لە نێوان سەرکردایەتی گۆڕان و چینی گەنج و نوخبەی ئەم حیزبە جیاوازی تێڕوانین و بیرکردنەوە لە سیاسەت و ئەدای حیزبدا هەیە.

بەشێکی زۆری ئەندامان و لایەنگرانی گۆڕان بەشداری حیزبەکەیان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و ڕێکەوتنی سیاسییان لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە دڵ نییە.

زۆربەی لایەنگران و ئەندامانی گۆڕان لەو بڕوایەدان کە حیزبەکەیان لە سیاسەت و کارکردنی خۆی بە تایبەت بەراورد بە سەردەمی نەوشیروان مستەفا بەلاڕێدا ڕۆیشتووە.

لە ماوەی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانی گۆڕان لە سنوری دەسەڵاتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەستیان لە کار کێشایەوە.

چەند سەرکردەیەکی گۆڕان بە نزیکبوونەوە لە پارتی و جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئەو حیزبە تۆمەتبار کراون.

هەر بۆیە دۆخی گۆڕانیش بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی عێراق هێندە لەبار نییە.

بە پێی ئەم خاڵانە دەتوانین بڵێین کە یەکێتی و گۆڕان بە کۆمەڵە کێشە و گرفتێکی ناوخۆییەوە پێ دەنێنە هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەستەمە ئەو ئامانجانەی بۆ هاوپەیمانی کوردستانی داڕێژراوە، مسۆگەر ببێت. بە تایبەت ئەوەی کە لاهور شێخ جەنگیش سەرۆکایەتی هاوپەیمانییەکە ناکات و لە سەرکردایەتی یەکێتیش دەسەڵاتی بە دەستەوە نەماوە./.