شکستی نێوەندگێڕییەکان و بەردەوامی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی یەکێتی

(0) / / فایلی تایبەت / لاهور شێخ جەنگی


Aug 11, 2021

قەبارەی فۆنت:

نێوەندگێڕییەکان ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییە ئەمنی و سیاسییەکانی سلێمانی تا ئێستا شکستی هێناوە.

ئەو ئاڵۆزییەش چەند هەفتەیەک دەبێت کە بەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و شاری سلێمانیی گرتووەتەوە، کێشەکانیش لە نێوان بافڵ تاڵەبانی کوڕی دامەزرێنەری یەکێتی و سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراقە لە گەڵ باڵی لاهور شێخ جەنگی کەسایەتی ئەمنی کە بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی پێش هاسەرۆکی لەم حیزبەدا بووە.

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی بۆ یەکەم جار لە مێژووی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە دیاریکردنی سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ ئەم حیزبە، کە بڕیار بوو بافڵ تاڵەبانی پرسە سیاسییەکانی لە ئەستۆ بێت و لاهور شێخ جەنگیش درێژەپێدەری هەمان کاروباری ئەمنی خۆی بێت.

سەرەتای مانگی ڕابردوو بوو کە کۆمەڵە بڕیارێک لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە دەرکرا کە بە لای هەندێکەوە شۆڕشێکی سپی بوو و لە ئەنجامی ئەو بڕیارانەش، لاهور شێخ جەنگی دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکیی ڕاگیرا و ژمارەیەک لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانی سەر بە باڵی ناوبراو لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە، ئەمەش دوو ئامۆزای هاوسەرۆکی خستە بەرامبەر یەکتر کە بە هەوڵی کەسایەتییەکانی ناو یەکێتی، سلێمانی لە ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی بە دوور گیرا.

بەرپرسێکی یەکێتی لە وتووێژی لە گەڵ پێگەی العربی الجدید ڕایگەیاندووە کە ناکۆکییەکان زیاتر دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان لە خۆ دەگرێت و تەنانەت بۆ دۆسیەکانی گەندەڵیش شۆڕ کراوەتەوە کە لە ئەنجامی ئەمەش بڕیاری دەستبەسەرکردن لە لایەن دادگاوە بۆ چەند کەسێک وەک میران محەممەد بەڕێوەبەری پێشووی تەندرووستی سلێمانی دەرکراوە.

شرۆڤەکارانی سیاسی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان لەو بڕوایەدان کە چەند لایەنێکی دەرەکی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان پاڵپشتی لە بڕیارەکانی بافڵ تاڵەبانی دەکەن بەڵام سەرکردەکانی پارتی ئەوە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن کە کێشەی یەکێتی، کێشەی سەرکردایەتی ئەو حیزبەیە.

هەندێکی دیکە پێیان وایە کە هەر لە سەرەتای پەسەندکردنی سیستەمی هاوسەرۆکی پێشبینی ئەوە دەکرا کە ڕۆژگارێک یەکێتی بەم ئاستە لە کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان بگات، لە بەر ئەوەی کە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان لەو تاقیکردنەوەدا هیچ کات سەرکەوتن بە دەست ناهێنن./.