سەدر بە چەند مەرجێکی نهێنی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق گەڕاوەتەوە

(0) / / ئاسیا / سەید موقتەدا سەدر


Sep 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی ڕەوتی سەدر کە ڕایگەیاندبوو لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکشێتەوە و هیچ پەیوەندیی بە حکومەتی ئێستا و داهاتووی عێراقەوە نابێت، وەک پێشبینی دەکرا لەم ماوەیەدا دیسانەوە گەڕایەوە بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان.

چەند سەرچاوەیەک بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتیان ڕاگەیاندووە کە سەدر 10 مەرجی نهێنیی بۆ گەڕانەوەی هەبووە کە دیارترینی مەرجەکانیش هەموارکردنەوەی دەستووری عێراقە.

سەید موقتەدا سەدر مەرجی ئەوەی دیاریکردووە کە لە ماوەی شەش مانگ لە پاش یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی داهاتوو، دەستووری عێراق هەموار بکرێتەوە، بەو میکانیزمە کە لە دەستووردا هاتووە لە ڕێگای لێژنەیەکی تایبەتەوە.

سەبارەت بە داواکارییەکانی سەدر بۆ هەموارکردنەوەی دەستووریش ئاشکرا بووە کە ناوبراو پێداگری لەوە کردووە کە بەرەنگاربوونەوەی چەکی بێ موڵەت و بەرەڵا، سەبەخۆیی زیاتری دامەزراوە سەربازییەکان، قەدەغەکردنی پەیوەستبوونی گرووپی چەکدار بە مەرجەعیەتی سیاسی دەرەکی، بڕگە و مادەکانی پەیوەست بە خۆپێشاندان و مافی مرۆڤ و چۆنیەتی دابەشکردنی سامان و سیستەمی حکومڕانی لە هەموارکردنەوەی دەستووردا دەستەبەر بکرێت./.