ئایا عێراق بەرەو قەیرانێکی نوێی سیاسی هەنگاو دەنێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / سائیرۆن


Sep 05, 2021

قەبارەی فۆنت:

پاشگەزبوونەوەی ڕەوتی سەدر لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق و پاشان گەڕانەوەی بۆ ئەو پرۆسەیە، جارێکی دیکە شەڕ و ململانێی سیاسی پێشوەختەی لە سەر فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی هێناوەتە پێشەوە.

پاشگەزبوونەوەکەی ڕەوتی سەدر لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی ئۆکتۆبەری 2021 ی عێراق وەک تەکتیکێکی سیاسی بۆ خۆدزینەوە لە لاوازی و گەندەڵیی دوو وەزارەتی کارەبا و تەندرووستی ئەم وڵاتە بووە کە لە لایەن نوێنەرانی ئەو ڕەوتەوە بەڕێوە دەبرێن، گەڕانەوەی سەدرییەکانیش بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان، جارێکی دیکە ململانێی پێشوەختەی لە سەر فراکسیۆنی زۆرینە هێناوەتە پێشەوە، ئەو فراکسیۆنەی کە بە پێی یاسا مافی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی هەیە.

لە خولەکانی ڕابردووی هەڵبژاردنەکانی عێراق، خوێندنەوەی جیاجیا لە سەر مافی فراکسیۆنی زۆرینە بۆ پێکهێنانی حکومەت هەبوو، ئەمەش بووە هۆی ناکۆکی زۆر و دواکەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بۆ چەند مانگێک و تەنانەت دۆسیەکە گەیشتە دادگای باڵای عێراق کە ڕایگەیاند فراکسیۆنی زۆرینە بە واتای ئەو لایەنە نییە کە زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکان بە دەست هێناوە بەڵکوو ئەو فراکسیۆنە لە پەرلەمان پێک دەهێندرێت و خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانییە.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، پاش ڕاگەیاندنی گەڕانەوەی ڕەوتی سەدر بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لایەن سەرۆکی ئەو ڕەوتەوە و بانگهێشتکردنی ناوبراو بۆ گردبوونەوەی ملیۆنی لایەنگرانی خۆی لە کاتی دەنگدان و سەلماندنی وەک فراکسیۆنی زۆرینە، دیسانەوە ململانێی سیاسی پێشوەختەی لە سەر فراکسیۆنی زۆرینە هاتووەتە پێشەوە.

سەباح عەکیلی ئەندامی هاوپەیمانی سائیرۆنی سەر بە ڕەوتی سەدر لە سەر ئەم پرسە ڕایگەیاندووە کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بابەتێکی هەرە ڕوونە بۆ ئەم هاوپەیمانییە و داواشی دەکەن و وەک فراکسیۆنی زۆرینە بە مافی خۆیانی دەزانن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی سەدر پێگەی باڵای جەماوەریی هەیە و ئامادەی بەشداری بەهێزیشە لە هەڵبژاردنەکان و ڕکابەرێکی ئەوتۆشی نییە و بە دڵنیاییەوە کە زۆرینەی کورسییەکان بە دەست دێنێت.

پێداگری ڕەوتی سەدر لە سەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران نیگەرانی لایەنەکانی دیکەی لێکەوتووەتەوە و ئەو لایەنانە لەو بڕوایەدان کە عێراق لە قەیرانێکی سیاسی نوێ نزیک بووەتەوە و دەستبەجێ پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش ئەو قەیرانە دەست پێدەکات لە بەر ئەوەی کە ڕەوتی سەدر هیچ ئەنجامێک بەدەر لە چاوەڕوانی و پێشبینی خۆی قبووڵ ناکات.

لە لایەکی دیکەوە، عەباس زامڵی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح، باڵی سیاسی حەشدی شەعبی، ڕایگەیاندووە کە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ناکۆکییەکان لە سەر فراکسیۆنی زۆرینە دەست پێدەکات، بە تایبەت لە لایەن ڕەوتی سەدرەوە کە هەر لە ئێستاوە خۆی بە زۆرینە دەناسێنێت.

زامڵی ڕایگەیاندووە کە دۆسیەی فراکسیۆنی زۆرینە لە دۆسیە پڕکێشەکانی پرۆسەی سیاسی عێراقە و ئەگەرێکی زۆریشە کە دیسانەوە ببرێتەوە دادگای باڵا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دادگای باڵای عێراق پێشتر بۆچوونی خۆیی ئاشکرا کردووە کە فراکسیۆنی زۆرینە ئەوەیە کە لە پەرلەمان پێک بهێندرێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بۆچوونی دادگای باڵای عێراق ئەمجارەش وەک ئەوەی پێشوو دەبێت، مەگەر ئەوەی کە گوشاری لایەنەکانی دیکەی لە سەر بێت و ئەمەش قەیرانێکی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە کە ئەوان حکومەتێکیان دەوێت بە بەشداری لایەنە سیاسییەکان تا بەرپرسیاریەتی هەر شکستێک لە ئەستۆ بگرن./.