شەڕەکەی مالیکی و سەدر گەرم بووە

(0) / / فایلی تایبەت / نوری مالیکی


Sep 09, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختیکردەوە کە ئەم هاوپەیمانییە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت و شانسی سەدرییەکانیش بۆ یەک لە سەر چوار دابەزیوە.

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا بە ئاماژە بەوەی کە شانسی سەدرییەکان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق بۆ یەک لە سەر چوار دابەزیوە، وتی کە هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بە تەنیایی و بێ هاوپەیمانی لە گەڵ لایەنەکانی دیکە ناتوانێت حکومەت پێک بێنێت.

ناوبراو لە وەڵامی لێدوانەکانی پێشووی حاکم زامڵی، سەرکردە لە ڕەوتی سەدر، سەبارەت بەوەی کە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ژمارەی کورسییەکانی کەم دەبێتەوە، وتی: ئەگەر وایە بۆ لێمان دەترسن؟

مالیکی وتی: شانسی سەدرییەکان زۆر کەم بووەتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە پێی خواست و لێکدانەوەکانی ئەوان نابێت.

وتیشی کە هیچ لایەنێک ناتوانێت زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست بێنێت و هاوپەیمانییەکانی پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی کە سەرجەم ڕاپرسییەکان پیشان دەدات کە دەنگی خەڵک بەرەو ئەم هاوپەیمانییە دەبێت و براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان دەبێت.

سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕەوتەکەی بە بەشداری ملیۆنیی خەڵک ئامادەی هەڵبژاردنەکان دەبێت و بەمەش دەیسەلمێنن کە فراکسیۆنی زۆرینە دەبن./.