عەرەب و تورکمانی کەرکوک هەڵوێستی خۆیان لە سەر گەڕانەوەی پێشمەرگە ڕاگەیاند

(0) / / كوردستان / کەرکوک


Sep 15, 2021

قەبارەی فۆنت:

نوێنەرانی عەرەب و تورکمانی کەرکوک لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی خۆیان لە سەر دۆخی ئەمنی ئەم پارێزگایە و گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیاند.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە " لە کاتێکدا کە پارێزگای کەرکوک بە هۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سەپاندنی یاسا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017 سەقامگیری ئەمنی ڕوونی بە خۆوە بینیوە، هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن هێرشەکانی داعش بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری قەزای داقوق و ناحیەی ڕەشاد بقۆزنەوە بۆ گۆڕینی هاوسەنگی ئەمنی و ڕێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناو سنوری ئیداری پارێزگاکە ".

لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە " ئەم هەنگاوە مەترسیدارە بە پێچەوانەی دەستووری عێراق و بڕیاری پەرلەمانی ئەم وڵاتەیە و لە لایەن پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان وەک بەشێک لە مامەڵە سیاسییەکان دەبینرێت بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ڕۆژانی ڕفاندن و دەستگیرکردن و تیرۆرکردن، پێویستە سەرکردە سیاسییەکان بەرپرسیاریەتی دەستووری و نیشتمانی خۆیان بەرامبەر بە دۆخی داهاتووی پارێزگای کەرکوک لە ئەستۆ بگرن ".

عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک هەروەها ڕایانگەیاندووە کە " پێویستە حکومەت لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکەدا چەتەکانی دائش بە هێنانی هێزەکانی دژە تیرۆری فیدراڵ و هێزەکانی سوپای عێراق لە ناو ببات نەک بە چەند هەنگاوێک کە کاریگەریی لە سەر دۆخی دەستووری پارێزگای کەرکوک دەبێت "./.