پارتی: دەمانەوێت عێراقیش وەک کوردستان ئاوەدان بکەینەوە

(0) / / كوردستان / پارتی دیمۆکراتی کوردستان


Sep 21, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەندامێکی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان داوایکرد کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەم حیزبە بدرێت.

عماد باجەڵان داوای ئەوەیکرد کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بە پارتی بدرێت تا بە وتەی ناوبراو ئەزموونی سەرکەوتووی کوردستان لە پارێزگاکانی دیکەی ئەم وڵاتەش دووبارە بکرێتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی کە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە جیاوازە و چارەنووسی هاوپەیمانییەکان لە پاش بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئاشکرا دەبێت.

باجەڵان وتی کە ئەم هەڵبژاردنانە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق بەرەو گۆڕانکاری دەبات و هەمووان بۆ هاوپەیمانی و ڕێکەوتنی سیاسی دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بن.

وتیشی کە بە پێی دەستوور، هەر دوو پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران مافی هیچ لایەنێک نییە و ئەو لایەنانەی کە لە ماوەی ئەم 18 ساڵەدا حوکمی عێراقیان کردووە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور سەرکەوتوو نەبوون و باشترە کە بۆ دووبارەکردنەوەی ئەزموونی سەرکەوتووی کوردستان، پۆستی سەرۆک وەزیران ڕادەستی پارتی بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان ساڵانێکە تووشی چەندین قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی بووەتەوە و لە نوێترین کێشەشدا حکومەت توانای دابینکردنی و پێدانی بەنزینی بە نرخێکی گونجاو نییە./.