بەهێزترین کاندیدەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کێن؟

(0) / / فایلی تایبەت / مستەفا کازمی


Oct 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

 ڕۆژنامەیەکی عەرەبیی چاپی لەندەن بە پشت بەستن بە لێدوانی کەسایەتییە سیاسییەکان و شرۆڤەکارانی سیاسی، گرنگترین و بەهێزترین کاندیدەکانی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانیی عێراقی ناو بردووە.

 ڕۆژنامەی العربی الجدید لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە پێدەچێت لایەنە سیاسییەکان بژاردەی زۆریان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران نەبێت. لەم نێوەندەدا ناوی چەندین کەس بۆ وەرگرتنی سەرۆکی نوێی حکومەتی عێراق دەبیسترێت کە گرنگترینی ئەو کەسانە فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادی عێراقە کە بەدەر لە تاران، واشنتن و ڕیاز، لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەش پەیوەندییەکی نزیکی هەیە.

لە ڕاپۆرتەدا ناوی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق وەک بژاردەیەکی دیکەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران هاتووە و ڕاگەێندراوە کە ناوبراو ڕۆڵی گرنگی لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەروەها ئاگربەستی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەبووە، ئەعرەجی پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ لایەنە کوردی و عەرەبییەکاندا هەیە و ڕۆڵی نێوەندگێڕیی نێوان ئێران و سعوودیەشی لە ئەستۆ بووە.

محەممەد شیاع سودانی لە سەرکردەکانی حیزبی دەعوە و جەعفەر سەدر باڵیۆزی عێراق لە لەندەن و کوڕە مامی سەید موقتەدا سەدر لە بژاردەکانی دیکەی گەیشتن بە پۆستی سەرۆک وەزیرانی نوێی داهاتووی عێراقن بەڵام لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، جارێکی دیکە ئەگەرێکی بەهێزە مستەفا کازمی پۆستەکەی وەربگرێتەوە.

غالب شابەندەر سیاسەتمەداری عێراقی ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ ناوێک لای لایەنە سیاسییەکان باس نەکراوە و هەواڵەکان لە عێراق بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە بەڵام بە گشتی بۆچوونێک هەیە کە پیشان دەدات مستەفا کازمی دەتوانێت سەرۆک وەزیرانێکی باش بێت./.