پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی کوردستان
(0) /
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هێرش و پەلاماری ڕۆژانەی داعش، کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری سەربازی تۆکمەی لە عێراق و هەرێم دەوێت.
نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی کوردستان لە پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش، ڕایگەیاند: زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشی دڕندانەی شەوی ڕابردووی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ دەکەین کە لە ئاکامدا سێ برای یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەک بریندار بوون و ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمانیش شەهید و بریندار بوون.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ڕووی سەربازییەوە دەبێت پێداچوونەوە بە دۆخ و توانا سەربازییەکان و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی پێشمەرگە بکرێتەوە بە تایبەت بۆ هەماهەنگی کاراتری سوپای عێراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە دەبێت ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ئێستای لە نێوان هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگەی کوردستان پڕ بکرێتەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاند کە لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێت هەموو هێز و لایەنە عێراقییەکان ئەوە بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا جێگیر نەبێت، تیرۆریستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، هەر بۆیە ئەرکی لەپێشینە و نیشتمانیی عێراقییەکانە لە زووترین کاتدا ناکۆکییە سیاسییەکان تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین./.
تێبينيێك بنێرە: