مەترسی ڕووخانی قەوارەی هەرێم (بەشی یەکەم)

(0) / / وتار / ئاری هەرسین


Dec 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئاری محەممەد هەرسین

ماوەیەکە بابەتی مەترسی ڕوخانی قەوارەی هەرێم زۆر بەچڕی باسی لێدەکرێت، وەک بڵێی زانیاری لەناوچونی قەوارەی هەرێم دزەیکردبێت‌و لەوێستگەی کۆتایی نزیک کەوتبینەوە. ئەو قەوارەیەی کە ئەگەر تروسکاییەکیش بێت تاکە دەریچەی گەورەترین (لەڕوی ژمارە) میللەتی بێ دەوڵەتی سەر گۆی زەویە.

ناچمەوە سەر بەڵگە مێژوییەکان کە گەواهی هۆکارەکانی سەربەخۆنەبونی کوردستان دەدەن. لەبری ئەوە هەڵوێستە لەسەر هەلومەرجی ئێستای قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەم، بۆ ئەو مەبەستەش بابەتەکە لەدوو تەوەری هۆکاری ناوخۆو هۆکاری دەرەکی کورتدەکەمەوە، چونکە ئەگەر قەوارەی هەرێم بەرەو داڕمان بچێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە لەژێر کاریگەری ئەو دوو پاڵەپەستۆ سیاسیەدایە.

هۆکاری ناوخۆ:

بۆ مسۆگەرکردنی بەهێزبون‌و مانەوەی قەوارەی سیاسی هەر وڵاتێک، بونی ئیدارەیەکی یەکگرتوو، ناوەندێکی دەسەڵاتی بەهێز (تەنانەت نیمچە بەهێز) زۆر گرنگە، ناوەندێکی دەسەڵاتی سیاسی کە بە یەکگرتویی‌و بەبەرنامەیەکی نیشتیمانی ئیدارەی وڵاتی کرد، دەتوانێت دامەزراندنی سیستەمێکی ئابوری بەهێز مسۆگەربکات، چونکە دواجار سیاسەتی حەکیمانەو حوکمڕانی حەکیمانە، لەئابوریەکی سەقامگیرو بەهێز جیاناکرێتەوە، بەداخەوە لەهەرێمی کوردستان ئێمە نەمانتوانیوە ئەو یەکڕیزی نیشتیمانیە مسۆگەربکەین، دیاردەی دوو ئیدارەیی لەخۆرهەتاوی ڕۆژێکی هاوینان ڕوناکترەو کەس ناتوانێت نکۆڵی لێبکات.

ئەم دوو لەتبونەش سێ جومگەی (سیاسی، ئابوری‌و سەربازیی) تێپەڕاندوەو بوەتە هۆکاری دوو لەتبونی کۆمەڵایەتیش کە هەندێکجار ئێمەی خەڵکی سلێمانی‌و هەورامان‌و گەرمیان کە باس لەدهۆک‌و هەولێر دەکەین، وەک ئەوە وایە باسی وڵاتێکی تر بکەین، پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە، بێگومان ئەم دوو لەتبونە پێگەی هەرێمی کوردستانی لاوازکردوە، بەجۆرێک کە ئینتیمای نیشتیمانی لاوازکردوەو میللەت نازانێت کە ئایا ناسنامەکەی هەولێر، دهۆک‌و سلێمانیە، یان خاوەنی ناسنامەی کوردستانیە، ئەم ڕاستیانەی باسمانکردن نهێنیەکی تایبەت نین کە بەئەمنی نیشتیمانیەوە بەسترابنەوەو باسکردنیەن بڤەبێت، بۆ کەس ماوە لەکوردستان ئەم ڕاستیانە نەزانێت؟… شتەکان کاتێک پێیاندەگوترێت (نهێنی) کە لەنێوان دوو سێ کەس دەرنەچێت‌و دزەنەکات، بەم ڕۆژگارە ئەم مەسەلەیە لەچایخانەو لەبارەگا حزبیەکان، لەفەرمانگە حکومیەکان‌و لەماڵان باسی لێوە دەکرێت، ئیتر ئەوە کوێی نهێنیە؟

ئەم دیاردەیە (دوو ئیدارەیی) مەترسیەکی کوشەندەیە وقەیرانێکی گەورەیە، ئینسان بۆ ئەوەی چارەسەر بۆ قەیران بدۆزێتەوە، دەبێت لەگەڵ یەکتر باسی لێبکات بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، نەک وەکو حوشترمرغ سەر بەناو لمدا بکات‌و وابزانێت کەس نایبینێت. ئەم دوو ئیدارەییە بۆتە هۆکارێک کە ئێمە تائێستا خاوەنی ئابوریەکی بەهێزو یەکگرتونین‌و هەریەکەمەن سەرقاڵی ئیدارەی ماڵ‌و زۆنی خۆیەتی‌و لەڕوی سیاسیەوە قەوارەیەکی یەکگرتوونین.

هەر حزبەو بەئارەزوی خۆی دەچێتە بەغداو تاران‌و ئەنکەرەو دەبێتە بەدیلێکی سەربەخۆ بۆ حکومەتی هەرێم. پارلەمان بوەتە مەیدانی سەنگەرگیری دەمارگیری حیزبی. هێزی پێشمەرگەو دامودەزگا ئەمنی‌و هەواڵگریەکان، هیچ حسابێک بۆ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیان ناکەن (کە حکومەتە). شازدە ساڵ بەسەر کابینەی یەکگرتودا تێپەڕ دەبێت، کەچی هەتا ئێستاش خاوەنی حکومەتێکی پەرتەوازەین. ئۆپۆزسیۆن وای لەخەڵک گەیاندوە ئەگەر هێرشتکردەسەر حکومەت‌و توانیت ناشرینی بکەیت، ئەوا دەبیتە بەدیلێکی باشی حوکمڕانی.

ئەمانە هەر هەموی خەتای کێیە لەخۆمان زیاتر، ئەمانە، نە غەزەبێکن لەلایەن خوای گەورەوە بەسەرماندا سەپێنرابێت‌و نە نسیب‌و قیسمەتیشە. عەیبەیەکی گەورە نییە بۆ ئێمە وڵاتانی ئەوروپی‌و ئەمریکا تەکلیفمان لێبکەن‌و گوشاربخەنەسەرمان بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەکبخەینەوە؟… خۆمان عەقڵمان پێناشکێت، یان ئیرادەی یەکخستنەوەیمان نییە؟… ئێمەیەک کە ئەمە بارودۆخمان بێت، ئیتر بۆچی سەیرە چارەنوسی قەوارەکەمان داڕمان و ڕوخان بێت؟

ئەم گوتارە لەبەشی دوهەمدا بەردوامدەبێت.