نێچیرڤان بارزانی و سەردانەکەی سلێمانی؛ ئایا کۆتایی بە ناکۆکییە سیاسییەکانی کوردستان دێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / نێچیرڤان بارزانی


May 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەردانەکەی ڕۆژی یەک شەممە 22 ی ئایاری 2022 ی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و کەسی دووەمی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ سلێمانی – ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان – بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە میدیا عێراقییەکان باس لە توانەوەی سەهۆڵی ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم لە سەر دیاریکردنی کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار و دۆسیەکانی دیکە بکەن.

لە کاتێکدا کە میدیاکانی سەر بە پارتی و یەکێتی هێندە باسی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان نەکردووە، بەڵام میدیا عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەو ناکۆکییانە بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی بەیاننامە فەرمییەکان، ئامانج لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی بەشداری لە ڕێوڕەسمێکی سەربازی بووە.

بارزانی هەروەها لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وتی کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ سلێمانی، کۆتایی هێنانە بە ئاڵۆزییەکان و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

میدیاکان ڕایانگەیاندووە کە بارزانی لە گەڵ چەند سەرکردەیەکی بزوتنەوەی گۆڕانیش کۆبووەتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگترین دەسکەوتی نێوان پارتی و یەکێتی بە ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاندنی نێوان ئەم دوو حیزبە ناو بردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند سەرچاوەیەکی میدیایی ڕایانگەیاندووە کە پارتی و یەکێتی لە سەر دیاریکردنی کاندیدی هاوبەشی سەرۆک کۆمار گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.

پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەشێکە لە هاوپەیمانی سێقۆڵی ڕزگاریی نیشتمان و هاوپەیمانی سەید موقتەدا سەدر و محەممەد حەلبوسییە و لە بەرامبەردا یەکێتی نیشتمانی کورددستانیش بە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکان دادەنرێت./.