تێپەڕبوونی 8 ساڵ بە سەر کەوتنی موسڵ و ئاوەداننەکردنەوەی شارەکە

(0) / / ڕاپۆرت / داعش موسڵ


Jun 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

کەوتنی موسڵ ڕووداو و کارەساتی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران عێراقی و ئاوارەیی و چارەنووسی نادیاری ژمارەیەکی زۆری دیکە.

خەڵکی عێراق ڕۆژی هەینی 10 ی حوزەیران، کەوتنی موسڵ وەک دووەم گەورەشاری وڵاتەکەیان لە ساڵی 2014 لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعش وەبیردێننەوە، لە کاتێکدا کە 8 ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕ بووە.

کەوتنی موسڵ وێڕای ئەو هەموو کارەساتەی لێیکەوتەوە، گۆڕانکاری گەورەشی لە بواری سیایس، ئەمنی و تەنانەی کۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا هێنا.

سەرەڕای ئەو هەموو پرسیارەی سەبارەت بە کەوتنی موسڵ لە مێشکی خەڵکی عێراقدا دەگوزەرێت، دۆسیەکە هێشتا لە دەزگای دادوەریی عێراق بە ئەنجام نەگەیشتووە.

پاش کەوتنی موسڵ لە 10 ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە، زیاتر لە 20 شاری دیکەی عێراق لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتە لە باکور و ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە کەوت، وەک شەنگال، بۆعاج، گەیارە، ڕەبیعە و جزیرە. پاشان تکریت، بەلەد، ڕۆمادی، هیت، قائم، ڕاوە و شارەکانی دیکەش کەوتن و بەمەش لە سەدا 45 ی ڕوبەری عێراق کەوتە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش.

عێراق شەڕێکی قورسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2016 دەستپێکرد، لەم ڕێگایەدا ئێران و وڵاتانی هاوپەیمانی عێراقیش هاوکاری ئەم وڵاتەیان کرد، شەڕەکە بۆ ماوەی 10 مانگ بەردەوام بوو تا ئەوەی کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە تەمموزی 2017 لە شاری موسڵ کشانەوە.

لە کاتی کەوتنی موسڵ تا ڕاگەیاندنی ئازادکردنەوەی تەواوی عێراق لە ژێر دەستی داعش، لە نێوان ساڵانی 2014 تا 2017، شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ئازادکردنی شارەکانی ئەم وڵاتە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی نزیکەی 250 هەزار کەس و نادیاربوونی دەیان هەزار کەس و زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتەوە.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە کە زیانە مادییەکانی ئەم کارەساتە زیاتر لە 88 ملیار دۆلارە و بەشێکی زۆری پەیوەندی بە موسڵەوە هەیە.

دانیشتووانی موسڵ لە کاتێکدا تێپەڕبوونی 8 ساڵ بە سەر کارەساتی کەوتنی شارەکەیاندا دەبینن کە چەندین قەیرانی وەک بێکاری، هەژاری، بێوەژنەکان و منداڵە هەتیوەکان بەرۆکی ئەوانی گرتووە و هێشتا لە سەدا 30 ی ئەوان بە هۆی ڕووخانی خانووەکان یان ترسیان لە ناسەقامگیری و ئاڵۆزی، ئاوارەی ناوچەکانی دیکەن./.