داهاتووی هاوپەیمانی سێقۆڵی لە پاش کشانەوەی ڕەوتی سەدر

(0) / / ڕاپۆرت / موقتەدا سەدر مەسعود بارزانی


Jun 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

بە دەست لە کار کێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، چارەنووسی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی بە نادیاری ماوەتەوە.

لە کاتێکدا کە پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر ڕۆژی یەک شەممەی ڕابردوو دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کرد، هاوپەیمانی سیادەی سوننە بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی کە هاوپەیمانی ڕەوتی سەدرە، نایەوێت بەو ڕێگایەدا بڕوات.

محەممەد دلێمی ئەندامی هاوپەیمانی سیادە وتی کە هاوپەیمانی سێقۆڵی وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەرچەندە کشانەوەی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کاریگەریی لە سەر دەبێت بەڵام هێشتا لەو بڕوایەداین کە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بە بێ سەدر ئەستەمە.

ناوبراو وتی کە عێراق بەرگەی قەیرانێکی نوێ ناگرێت و هیوادارین سەدر لە گەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بچێتە دانوستانەوە تا سەبارەت بە دیاریکردنی نەخشەڕێگای ڕزگارکردنی وڵات ڕێکەوتن بکرێت.

دلێمی وتی کە هاوپەیمانی سیادە پلانێکی بۆ دەست لە کار کێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی نییە و لەو بڕوایەدایە کە ئەم هەنگاوە کاریگەری نەرێنیی لە سەر دۆخی وڵات دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە ڕێبین سەلام لە پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هەڵوێستی فەرمی پارتی لە پاش کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و بڕیاری کۆتایی مەسعود بارزانی ئاشکرا دەبێت.

ناوبراو وتی کە لە پاش کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاشکرا دەبێت کە ئایا لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە یان نە.

چوارچێوەی هەماهەنگی شێعەکانیش ڕایگەیاندووە کە شاندێک دەچێتە نەجەف و لە کۆبوونەوە لە گەڵ سەید موقتەدا سەدر پرسی پێکهێنانی حکومەتی لە گەڵدا تاوتوێ دەکات.

چاودێرانی سیاسی عێراقیش دەڵێن کە ئەگەرێکی بەهێزە سەدر بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکانی پەنا بۆ خۆپێشاندان و گوشاری جەماوری ببات./.