عەلاوی بە توندی ڕەخنە لە سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر دەگرێت

(0) / / ئاسیا / ئەیاد عەلاوی سەید موقتەدا سەدر


Jun 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر دژی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی ئەم ڕەوتە لە پەرلەمانی عێراق بوون.

ئەیاد عەلاوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر توانای ئەوەیان نەبووە دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی سەید موقتەدا سەدر بۆ کشانەوە لە پەرلەمان دەرببڕن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە دوو سەرکردەی ڕەوتی سەدر پێیان ڕاگەیاندووە کە توانای ئەوەیان نەبووە دژی بڕیارەکەی سەدر بوەستنەوە، لە کاتێکدا دژی کشانەوە لە پەرلەمان بوون.

سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق وتی کە سەدر بە 73 کورسی پەرلەمانەوە هیچی پێنەکرا و دوور نییە لە هەنگاوی دواتردا پەنا بۆ خۆپێشاندان و ڕاکێشانی لایەنگرانی بەرەو شەقامەکان ببات.

عەلاوی وتی کە پاش دەست لە کار کێشانەوە بە تەلەفوون لە گەڵ حاکم زامڵی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان قسەم کردووە و تێگەیشتووم کە هەستێکی باشی بەرامبەر بەو بڕیارە نەبووە./.