چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە عێراق کێن و چییان دەوێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / چوارچێوەی هاوئاهەنگی


Aug 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

پاش کشانەوەی ڕەوتی سەدر بە 73 کورسییەوە لە پەرلەمانی عێراق لە مانگی حوزەیران، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە 130 کورسی بووەتە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق.

پاش هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 ی پەرلەمانی عێراق، گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتە بە سەر دوو بەرەی سەرەکیدا دابەش کراوە: ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی پۆپۆلیستێک بە ناوی موقتەدا سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی شێعەی عێراق لە خۆ دەگرێت.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵەکانی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی، واتە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و هاوپەیمانی سوننەکان بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسیی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق ڕاگرت. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا بە پێویست دادەنرێت دەبێت دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراقی لە گەڵ بێت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە یەک لە سەر سێی پەکخەر دەستەبەر بکات. لەو کاتەوە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت گەیشتووەتە بنبەست و عێراق کۆمەڵە خۆپێشاندان و ئاژاوەگێڕییەکی سیاسیی لە لایەن هەر دوو لایەنەوە بە خۆوە بینیوە، بە تایبەت لە لایەن سەدرییەکانەوە کە ناوچەی سەوز و بینای پەرلەمانی عێراقیان داخستووە و ئەم دامەزراوە گرنگەیان بە تەواوی لە کارەکانی ڕاگرتووە.

لایەنە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی

پاش کشانەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە مانگی حوزەیران، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە 130 کورسییەوە بووە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، لە بەر ئەوەی کە 40 کورسی نوێ لە پرۆسەی جێگرتنەوەی کورسییەکانی سەدرییەکان گەیشتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هاوپەیمانیی لایەنە سەرەکییەکانی شێعە پێکهاتووە: هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی بە 38 کورسی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری بە 29 کورسی، عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خزعەلی، هاوپەیمانی هێزە نیشتمانییەکان بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم بە 12 کورسی و هەروەها هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی فالح فەیاز بە 8 کورسی کە ناوبراو سەرۆکی حەشدی شەعبییە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەروەها لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزوتنەوەی بابلیون بە سەرۆکایەتی ڕایان کلدانی سەرکردەی مەسیحی یەکەکانی حەشدی شەعبی و هەروەها بەشێک لە ئەندامانی سوننە و سەربەخۆی پەرلەمان هاوپەیمانە.

نوری مالیکی کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی حزبی دەعوەی ئیسلامیی لە ئەستۆیە و لە کەسایەتییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، لە ساڵانی 2006 تا 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و دەتوانین بڵێین کە لە ساڵی 2008 تا ئێستا ڕکابەری موقتەدا سەدر دەکات.

هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر و یەکێک لە گەورە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە ساڵانی شەڕی داعشە. عامری لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی مالیکی لە ساڵانی 2010 تا 2014 وەزیری گواستنەوەی عێراق بووە و ئێستا پێدەچێت کە لە نێوان سەرکردە شێعەکان نزیکترین کەس لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بێت لە بەر ئەوەی کە بەردەوام باڵیۆزانی وڵاتانی ئەورووپی لە گەڵ ئەودا کۆدەبنەوە و لە وتارەکانی ئەم دواییەی هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت لە عێراق.

قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە کە لە ساڵی 2006 لە ڕەوتی سەدر جیا بووەتەوە. ناوبراو لە ئێستادا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لە گەڵ سەدر و ڕەوتەکەی هەیە. خزعەلی لە ڕێگای هاوپەیمانی سادیقونەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە 18 کورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکات و بەو هۆیەوە کۆنتڕۆڵی وەزارەتەکانی کار و ڕۆشنبیریی لە حکومەتی ئەم وڵاتەدا کرد. ئەو هێرش دەکاتە سەر ئەمریکا و داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق دەکات. هەروەها بەردەوام ڕەخنە لە وڵاتانی عەرەبی وەک سعوودیە و ئیمارات دەگرێت. هێزە چەکدارەکەی ناوبراو بەشدارییەکی چالاکی لە شەڕی دژ بە داعش لە عێراقدا هەبووە.

سەید عەمار حەکیم کوڕی سەید عەبدولعەزیز حەکیم ڕێبەری کۆچکردووی شێعەکانی عێراق و نەوەی ئایەتوڵڵا سەید موحسین حەکیم مەرجەعی شێعەکانە. ناوبراو وەک سەرکردەیەکی میانەڕۆی شێعە لە عێراق دادەنرێت و ئەگەرچی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنیا 3 کورسیی بە دەست هێنا بەڵام کەس و بنەماڵەیەکی خاوەن پێگە و دەستڕۆیشتووە و ئەمەش وایکردووە کە بتوانێت باڵانسی هێز لە هاوپەیمانی لایەنە شێعەکان ڕابگرێت. ناوبراو لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیا بووەتەوە و ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی پێکهێناوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 لەوەدا سەرکەوتوو بوو 17 کورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکات. حەکیم تەنیا سەرکردەیەکی ئێستای شێعەیە کە باڵی سەربازیی نییە و بە هۆی بۆچوونەکانی ئەگەری پەیوەندیی لە گەڵ ئێران، ئەمریکا، وڵاتانی عەرەبی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و هەروەها کورد و سوننەی عێراقی بۆ دابین کراوە.

حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسرە کە لە ساڵانی 2014 تا 2018 سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و لە سەرکردە میانەڕۆکانی ئەم وڵاتەیە. ناوبراو سەر بە حزبی دەعوەی ئیسلامییە و تا پێش دەست لە کار کێشانەوەی لە ساڵی 2019، یەکێک لە دیارترین سەرکردەکانی بووە. سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لە کاتێکدا بووە کە عێراق بە هۆی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانەوە تووشی کێشەیەکی جیدیی ناوخۆیی بوویەوە.

فالح فەیاز لە حزبی دەعوەی ئیسلامی جیا بووەتەوە و پەیوەندی بە بزوتنەوەی نیشتمانی چاکسازی بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم جەعفەرییەوە کرد. لە ساڵی 2014 کە هێزەکانی حەشدی شەعبی پێکهێنراون، سەرۆکایەتی ئەم ڕێکخراوە دەکات. پێشتر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە و لە ئێستادا خاوەنی 8 کورسی پەرلەمانی عێراقە.

تێڕوانینی سیاسی

چوارچێوەی هاوئاهەنگی حزب یان هاوپەیمانی سیاسیی نییە بەڵکوو لە بنەڕەتدا چەتری کۆکەرەوەی لایەنە سیاسییەکانی شێعەیە و ئەرکی هاوئاهەنگی نێوان ئەوانی لە ئەستۆیە. ڕەوتی سەدر تا پێش ساڵی 2021 بەشێک لەم چوارچێوەیە بووە. کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەفتانە بەڕێوە دەچێت و سەرکردەکان هەر جارێک لە نووسینگەی یەکێک لە خۆیان کۆدەبنەوە.

ئەگەرچی ناتوانین بڵێین کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەرجەم پرسەکاندا کۆدەنگییان هەیە بەڵام لە دژایەتیکردنی سەدر یەک ئامانجیان هەیە، لە بەر ئەوەی کە دەزانن سەدر دەیەوێت ئەوان زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق پەراوێز بخات./.