یەک ساڵەیی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ لەم یەک ساڵەدا چی گوزەرا؟

(0) / / ڕاپۆرت / ڕەوتی سەدر هاوپەیمانی سەروەری پارتی دیمۆکراتی کوردستان


Oct 10, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 ی عێراق بووە هۆکاری دروستبوونی قەیرانێک کە هێشتا لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە لە دۆزینەوەی چارەسەرەکەیدا شکستیان هێناوە.

عێراقییەکان ساڵی ڕابردوو لە وەها ڕۆژێکدا لە یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەم وڵاتەدا کە ئەنجامی خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019 بوو بەشدارییان کرد.

ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە نەگەیشتە پێکهێنانی حکومەت و پرۆسەی سیاسیی عێراق ئیفلیج کرا و هێشتا لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە سەرکەوتوو نەبوون.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆر بوویەوە، ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بە لە سەدا 43 ی ئەو کەسانە ناو برد کە بۆ بەشداری لەم پرۆسەیە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو. بە پێی خەمڵاندنەکانیش ڕێژەی بەشداری سەرجەم ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە لە سەدا کەمتر لە 25 بووە.

سەرکەوتنی سەدر

ئەو ئەنجامەی کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پاش هاتنەپێشەوەی کەشێکی گوماناوی بڵاویکردەوە، پیشانی دەدا کە سەید موقتەدا سەدر لە نێو 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، 73 کورسیی بە دەست هێناوە.

هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی 38 کورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکیش 37 کورسییان بە دەست هێنا.

سەدر لە بەیاننامەیەدا بەم بۆنەوە، سەرکەوتنی خۆیی بە سەرکەوتن بە سەر میلیشیاکاندا ناو برد و وتی کاتی هەڵوەشانەوەی ئەوان و بوونی چەک بە دەستی حکومەتەوە گەیشتووە.

ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان

لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان ناڕەزایەتی خۆیان لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەنجامەکانی دەستکاری کراوە.

هاوپەیمانی فەتح وەک باڵی سیاسیی حەشدی شەعبی کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بووە خاوەنی 45 کورسی، ئەمجارە تەنیا 14 کورسیی بە دەست هێنا و سەرەکیترین لایەنی ناڕەزای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی 2021 بوو.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەوتە جوڵە

چوارچێوەی هاوئاهەنگی لایەنە سیاسییەکانی شێعە کە پێش هەڵبژاردنەکان و بە ئامانجی هاوئاهەنگی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی شێعە بە ئامادەبوونی سەرجەم لایەنەکان پێکهاتبوو و پاش هەڵبژاردنەکان، سەدر لێی جیا بوویەوە، بە کردەوە بووە لایەنی دژبەری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و داوای هەژمارکردنەوەی دەستیی سەرجەم دەنگەکانی کرد.

کۆبوونەوەی سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی شێعە

لە کانوونی یەکەمی 2021، سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی شێعە تەنیا کۆبوونەوەی هاوبەشی خۆیان لە گەڵ موقتەدا سەدر لە ماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەدا سەدر بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە حکومەتی داهاتووی عێراق، حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی دەبێت.

هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان

لە 9 ی کانوونی دووەمی 2022 لە دانیشتنێکی ئاڵۆزدا محەممەد حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. ئەو هەڵبژاردنەش ئەنجامی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی ڕەوتی سەدر، هاوپەیمانی سەروەری سوننە و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بوو.

ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمان

لە 23 ی ئادارای 2022. هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمان لە هەر سێ لایەنی ڕەوتی سەدر، هاوپەیمانی سەروەری و پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە فەرمی ڕاگەێندرا.

ئەم هاوپەیمانییە خاوەنی 180 کورسیی پەرلەمان بوو. هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانییەش، سەدر ئاشکرای کرد کە جەعفەر سەدر باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا، کاندیدی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەبێت.

یەک لە سەر سێی پەکخەر

لە بەرامبەر ئەم هاوپەیمانییەدا، هێزە نەیارەکان کە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چەند لایەنێکی سوننە و سەربەخۆکان پێکهاتبوو، ڕێگرییان لەوە کرد سەدر دەستی بە زۆرینەی ڕەهای پەرلەمان بگات.

دوو هەوڵی هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمان بۆ دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا.

دادگای فیدراڵیی عێراق لە بەرواری 3 ی شوباتی 2022 بڕیاری ئەوەی دەکرد کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێت بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان – نەک ئامادەبووان لە دانیشتنی پەرلەمان – دەبێت. بە پێی ئەوەش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە دەنگی 220 ئەندامی پەرلەمان دەبوو.

دەست لە کار کێشانەوەی ڕەوتی سەدر

هەوڵەکانی سەرۆکی ڕەوتی سەدر بۆ ڕازیکردنی سەربەخۆکان شکستی هێنا و لە ئاکامدا ناوبراو فەرمانی بە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی کرد کە نامەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆی ڕادەستی سەرۆکی پەرلەمان بکەن و بەمەش دەرگای بە ڕووی هەر دانوستانێکدا داخست.

ئەم بڕیارە دۆخی پەرلەمانی تێکدا و لە جێی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر، 73 ئەندامی دیکە سوێندی یاساییان خوارد کە زۆربەیان سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان بوون.

ڕووداوەکانی ناوچەی سەوز

لە 30 ی تەمموز، سەدر فەرمانی بە لایەنگرانی دا کە بچنە ناوچەی سەوزی بەغدا و لە ناو هۆڵی پەرلەمان مانگرتن ڕابگەێنن تا پەرلەمان نەتوانێت دانیشتنەکانی بەڕێوە ببات.

پاش دوو هەفتە لە مانگرتن و خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لە بەغدا هەمان پلانی جێبەجێ کرد. دادگای فیدراڵ لە ئاکامدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتی یاسایی بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان نییە.

وازهێنانی ئایەتوڵڵا حائیری لە مەرجەعیەت

لە 29 ی ئابی 2022، سەید کازم حائیری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بە هۆی زۆربوونی تەمەنەوە لە ئیش و کاری مەرجەعیەت بەردەوام نابێت.

بەیاننامەکە کاردانەوەی توندی لایەنگرانی سەدری بە دواوە بوو و هێرشیان کردە سەر ناوچەی سەوز و بینا حکومییەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕەوتی سەدریش هاتنە گۆڕەپانەکەوە. لە ڕۆژانی 29 و 30 ی ئاب ناوچەی سەوز شەڕ و پێکدادانی زۆری بە خۆوە بینی و مەترسی ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی لێکەوتەوە. سەدر لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕەخنەی لە شێوازی هەڵسووکەوت و توندووتیژیی لایەنگرانی گرت و فەرمانی پاشەکشەی ئەوانی دەرکرد.

دەستپێشخەرییەکان

لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەم یەک ساڵەدا 11 دەستپێشخەری و پێشنیاریان بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی خستەڕوو کە هیچ ئەنجامێکی نەبوو.

دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران

لە 25 ی تەمموزی 2022 لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە فەرمی محەممەد شیاع سودانییان وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد.

لە 24 ی ئەیلول هاوپەمانییەک بە ناوی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە بەشداریی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هاوپەیمانی عەزم، هاوپەیمانی سەروەری، پارتی دیمۆکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و فراکسیۆنی بابلیون پێکهێنرا.

ئەم هاوپەیمانییە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکاتەوە.

قەیرانی سیاسی عێراق لە پاش ڕووخانی سەدامی دیکتاتۆر، بە گەورەترین قەیرانی ئەم وڵاتە دادەنرێت./.