مستەفا کازمی لە پاش سەرۆک وەزیرانی بەرەو کوێ دەڕوات؟

(0) / / فایلی تایبەت / مستەفا کازمی


Oct 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

مانەوە لە هەولێر بە هۆی پەیوەندییە سیاسییەکانی لە گەڵ سەرکردایەتی کورد و چالاکی میدیایی کە پیشەی یەکەمی بووە، باشترین بژاردەکانی بەردەم مستەفا کازمییە لە پاش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمارانی جیهان بە گشتی لە پاش کۆتایی هاتنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانیان بۆ شار و چالاکی ڕابردووی خۆیان دەگەڕێنەوە.

لە عێراق زۆرینەی سیاسییەکان واز لە پۆستەکانیان ناهێنن و ئەوانەش کە بە ناچار واز دێنن، دەچنە دەرەوەی وڵات.

دۆخەکە بۆ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق تا ڕادەیەک جیاوازە، ناوبراو کاندیدی هیچ حیزبێک نەبووە و بە هیچ هەڵبژاردنێک نەهاتووەتە سەر کار، بەڵکوو بە بۆشایی سیاسی لە پاش دەست لە کار کێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق گەیشتە دەسەڵات.

کازمی ئەندامی هیچ حیزبێکی سیاسی نییە، لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووش کاندید نەبووە و بە پێی عورفی سیاسی لە عێراق بۆ پۆستی پێشووی واتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناگەڕێتەوە و بۆ لەندەنیش ناگەڕێتەوە کە پێشتر لەوێ بووە.

سەبارەت بە باشترین بژاردەکانی بەردەم مستەفا کازمی لە پاش کۆتایی هاتنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەتوانین ئاماژە بە مانەوە لە هەرێمی کوردستان بدەین کە پەیوەندییەکانی باشی لە گەڵ سەرکردایەتی کورد بە تایبەت بارزانییەکان هەیە، ڕەنگە ئەمە باشترین بژاردە بێت.

ڕەنگە کازمی بۆ لەندەن نەگەڕێتەوە و مانەوەش لە لوبنان بە هۆکاری ئەمنی بۆی مسۆگەر نابێت، هەرچەندە لە ڕووی داراییەوە دەتوانێت لە هەر وڵاتێکی جیهان بمێنێتەوە.

سەبارەت بە پیشە و کاریش پێناچێت کازمی وەک مامۆستای زانکۆ یان شارەزا و شرۆڤەکار دەست بەکار ببێت، بەڵکوو ڕەنگە بۆ پیشەی پێش سەرۆکایەتییەکەی، واتە کاروباری میدیایی، بگەڕێتەوە./.