چین شوێنپێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە

(0) / / ڕاپۆرت / چین


Mar 27, 2021

قەبارەی فۆنت:

جموجوڵە دیپلۆماسییەکانی چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکردووە. لەم قۆناغەی لاوازیی ئەمریکا بەرپرسانی پەکین دەیانەوێت ڕاستەوخۆ و لە نزیکەوە هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا پەرە پێبدەن.

بە شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ کۆنتڕۆڵی ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چین هەوڵ دەدات کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕاستەوخۆ لەم ناوچەیە بوونی هەبێت.

چین بەو ئەنجامە گەیشتووە کە لە جێی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش کە بە واتای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانە نەک چارەسەرکردنیان، ڕاستەوخۆ بێتە گۆڕەپانەکەوە.

سون دی جانگ و وو سیک دوو لێکۆڵەری سیاسی چینی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم وڵاتە بە جیدی پلانی ئەوەی هەیە کە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و زیاترکردنی ڕۆڵی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتەگەڕ.

جێمز دورسی شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جەختیکردووەتەوە کە ئامانجی چین گەیشتنە بە میکانیزمی هاوبەشی وڵاتانی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری کە تێیدا سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە ڕۆڵ و بەشدارییان هەبێت و پشت بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات لە ناوچەکە ببەستێت و لە ناکۆکییەکانیش کەم بکاتەوە.

بە بۆچوونی دورسی، تێڕوانینی ئەو دوو شارەزا چینییە پیشان دەدات کە پەکین بەو ئەنجامە گەیشتووە کە چیدی ناتوانێت تەنیا لە ڕێگای هاوکاری ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە دابین بکات و بۆ ئەمەش بیری لە میکانیزمێکی ئەمنی هاوبەش و چەندقۆڵی کردووەتەوە کە چین دەبێت بەشێک لەو میکانیزمە و هاندەری بێت.

دورسی جەختیکردووەتەوە کە چین بە پێچەوانەی ڕووسیا هەوڵی شوێنگرتنەوەی ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە نادات، بەڵکوو دەیەوێت لەم دەرفەتەی لاوازبوونی ڕۆڵی واشنتن لە ناوچەکە کەڵک وەربگرێت و هەژموونی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بکات و لەم ناوچەیەی جیهانیش ڕوبەڕوی ئەمریکا ببێتەوە.

بەرپرسانی چین بەو ئەنجامەش گەیشتوون کە ئەمریکا توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەماوە و بەرژەوەندییەکانی چین ئەوە دەخوازێت کە ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ببێت.

ئەو دوو لێکۆڵەرە چینییە جەختیان کردووەتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا ناوچەی جیهانە کە دەتوانێت هاوکات شوێنی هاوکاری و ڕکابەرێتی نێوان چین و ئەمریکا بێت، هاوکاری لە سەر دابینکردنی ئاسایش و ڕکابەری لە ڕووی تەکنۆلۆژیاوە.

چین بەردەوام شانازی بەوە کردووە کە پەیوەندییەکانی لە گەڵ هێزەکانی ناوچەکە بە بێ دەستێوەردان لە پرسە سەرەکییەکان پاراستووە، سەرەڕای ئەمەش لە ئێستادا هەوڵی دابینکردنی میکانیزمێکی هاوبەشی ناوچەیی بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە پرسە سەرەکییەکانی وەک فەڵەستین دەدات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئەو خاڵەی کە چین تێیدا دەگاتە ئەنجام کە تێچووی دەستێوەردان لە کاروباری ناوچەکە زیاترە لە سوودەکەی، چییە؟

چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ئێستادا لە گەڵ وڵاتانی ئەم ناوچەیە پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە.

بە بۆچوونی دورسی، گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران بە بێ ڕەچاوکردنی پرسەکانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی تاران لە ناوچەکە تەنیا ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات و لێرەدایە کە چین دەتوانێت ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەکان لە سەر ئەو میکانیزمە هاوبەشە ئەمنییە بە دەست بێنێت کە بنەماکەی کەمکردنەوەی نیگەرانی لایەنەکانی دیکە بێت.

سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی ئەمریکا لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ ئێران و چینی لێک نزیک کردەوە و هەر دوو وڵات ڕێکەوتنێکی 25 ساڵەی ستراتیژی نێوانیان واژۆ دەکەن.

چین بەراورد بە ئەمریکا چەندین خاڵی گرنگی هەیە، یەکەم ئەوەی کە هێندە دەستێوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. دووەم ئەوەی کە تا ئێستا گرنگی زیاتری بە پرسە ئابورییەکان داوە.

تەنانەت دۆخی موسڵمانانی چین و ئێش و ئازارەکانی ئەوان تا ئێستا نەبووەتە هۆی ئاڵۆزی نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا ئەو کێشەیە لە نێوانیان بە جیدی باس بکرێت.

لە کۆتاییدا پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا و چین بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکەوە هاوکاری دەکەن؟/.