داعش و تەکتیکی نوێی بەئامانجگرتنی هێزەکانی عێراق

(0) / / ڕاپۆرت / داعش محەممەد شیاع سودانی تەحسین خەفاجی


Dec 21, 2022

قەبارەی فۆنت:

تەقاندنەوەی بۆمب لە سەر ڕێگای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تەکتیکی نوێی گرووپی تیرۆریستی داعش لە هەفتەکانی ڕابردوو بۆ بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە بە بێ شەڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەوان دادەنرێت.

تەقینەوەی بۆمب لە لایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە کە بەم دواییانە لە چەندین ناوچەی عێراق ڕووی داوە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکاتە ئامانج، قۆناغێکی نوێی ڕوبەڕوبونەوەی هێزەکانی عێراقە کە ماوەیەکە هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوەیان لە داعش دەستپێکردووە.

دوایین نموونەی تەقینەوەکانی داعش، ئەوە بوو کە لە پارێزگای کەرکوک بینرا و بەو هۆیەوە 9 کەس لە هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق کوژران و 2 کەسی دیکەش بریندار بوون.

پێشتریش لە ناوچەی تارمیەی باکوری بەغدا بە هۆی تەقینەوەیەکەوە ئەفسەرێکی سوپای عێراق و دوو لە هاوڕێکانی کوژران و 5 ی دیکەش بریندار بوون.

سەرجەم تەقینەوەکان پیشاندەری تێکچوونی دۆخی ئەمنین بە هۆی ئەو تەکتیکەی کە داعش بۆ هێرشی سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق جێبەجێی کردووە.

لە پاش تەقینەوەکەی داعش لە کەرکوک، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دەرکرد و جەختیکردەوە کە پاشماوەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش بە هۆی ئەو زەبرانەوە بەریان کەوتووە، پەنایان هێناوەتە شێوازی ناپاکانەی تیرۆریستی.

ناوبراو ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان دەبێت بە ووشیارییەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخەدا بکەن.

ئەفسەرێکی سوپای عێراق بە ماڵپەڕی العربی الجدید ی ڕاگەیاندووە کە پرۆسە سەربازییەکانی دژ بە پاشماوەکانی داعش لە سەرجەم پارێزگاکان بە فەرمانی سەرۆک وەزیران دەست پێدەکات.

ئەو ئەفسەرە ڕایگەیاندووە کە بە پێی زانیاری هەواڵگری، کەڵک لە هێزی ئاسمانی بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش وەردەگیرێت.

تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە دۆخی ئەمنی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئەم جموجوڵانەی داعش بۆ دەرخستنی خۆیە لە میدیاکانەوە، بە تایبەت لە پاش ئەوەی کە لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکاندا گورزی کوشندەی بەرکەوتووە.

خەفاجی وتی کە داعش لە ئێستادا لە ڕێگای تەقاندنەوەی بۆمبەوە هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج.

هاوکات، عەدنان کەنانی شارەزای کاروباری ئەمنی لە سەر ئەم یەکتیکە و مەترسییەکانی هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە داعش لەم ڕێگایەوە هەوڵی مسۆگەرکردنی دەسکەوتەکانی بدات.

ناوبراو وتی کە داعش ئەگەرچی نەتوانێت کۆنتڕۆڵی ناوچەکان بکات بەڵام دەزانێت لە کوێ، کەی و چۆن پلانەکانی جێبەجێ بکات و بەردەوام هەوڵی درێژەدان بە تەکتیکی شەڕی قەناس بە دەستەکان، چاندنی بۆمب و تیرۆر دەدات.

کەنانی وتی کە داعش کەڵک لە هەڵە و کەموکوڕییەکانی هێزە ئەمنییەکان وەردەگرێت و هێرشەکانی لە ڕێگای بۆمبەوە زیاتر کردووە و بەم تەکتیکە دەتوانێت زیان بە هێزە ئەمنییەکان بگەێنێت بە بێ ئەوەی کە شەڕی ڕاستەوخۆی لە گەڵ هێزەکانی عێراق هەبێت.

ڕاشیگەیاندووە کە پێشتر محەممەد شیاع سودانی فەرمانی پێداچوونەوەی بە سەر پلانە ئەمنی و سەربازییەکاندا دەرکردووە و ئەمەش پیشان دەدات کە لاوازییەکە بۆ هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەگەڕێتەوە.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق ماوەیەکە هەڵمەتی نوێیان لە دژی داعش دەستپێکردووە و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش زیاتر بووە و لە هەفتەکانی ڕابردووش پرۆسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بە تایبەت لە چەندین ناوچەی باکور و ڕۆژئاوای عێراق بۆ بەئامانجگرتنی پاشماوەکانی داعش دەستیپێکردووە./.