بەردەوامی پەراوێزکەوتنی سیاسیی سەدر؛لاوازیی ئەمریکا و بەهێزبوونی ئێران

(0) / / فایلی تایبەت / موقتەدا سەدر


Dec 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە بەردەوامی پەراوێزکەوتنی سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە ڕووی سیاسییەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئێران لە عێراق و بە خەراپترین سیناریۆش بۆ ئەمریکا دادەنرێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند کە بەردەوامی پەراوێزکەوتنی موقتەدا سەدر لە ڕووی سیاسییەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئێران بە کردەوە پاڵپشتی لە دەیان گرووپی چەکداری شێعە بکات و ئەم دۆخەش لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار بێنێت و ئەمەش خەراپترین سیناریۆیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بڕیارەکەی سەدر بۆ وازهێنان لە کار و چالاکییە سیاسییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە لایەنگرانی لەوەی کە لایەنەکانی ڕکابەر کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن و گەیشتوونەتە دەسەڵات، هەست بە نیگەرانی بکەن.

چوار بەرپرسی ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە بە گۆڕانکاری لە پۆستە باڵا ئەمنییەکان بە تایبەت سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سوپای عێراق، ئەوانی ڕادەستی کەسە نزیکەکانی ئێران کردووەتەوە.

هاوکات 5 پەرلەمانتاری شێعە و 2 بەرپرسی نزیک لە سەدر ڕایانگەیاندووە کە سودانی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا داواکاری نەیارانی سەدری بۆ دوورخستنەوەی بەرپرسانی حکومیی نزیک لەو ڕەوتە ڕەتکردووەتەوە و بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاڵۆزی و توندووتیژی لە عێراقیدا ناوی بردووە.

بەرپرسێکی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە سودانی هەوڵ دەدات کە " ئەژدیها " لە خەو هەڵنەسێنێت.

سەرەڕای ئەمەش، بەرپرسێکی نزیک لە سەدر جەختیکردووەتەوە کە بە ئاشکرابوونی هێماکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، سەر لە نوێ سەدر دەگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە.

شرۆڤەکارێکی دانیشتووی بەغدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە شکستەکەی سەدر لە پێکهێنانی حکومەتە خوازراوەکەی و هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکەی لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانی ئێران، کاریگەریی لە سەری داناوە و وایکردووە کە چالاکییەکانی سنوردار بکات./.