بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی؛گەڕانەوەی سەدر بۆ سیاسەت یان پیشاندانی پێگەی کۆمەڵایەتی؟

(0) / / فایلی تایبەت / موقتەدا سەدر


Jan 13, 2023

قەبارەی فۆنت:

موقتەدا سەدر جارێکی دیکە لایەنگرانی هێنایەوە سەر شەقام، ئەویش لە ڕێگای بانگهێشتکردنی ئەوان بۆ نوێژی هەینی یەکگرتوو لە بەغدا و ناوەندی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەمەش بووەتە هۆی هەندێک گومان سەبارەت بەوەی کە ڕەنگە نوێژی هەینی دیسانەوە لە لایەن سەرۆکی ڕەوتی سەدرەوە بکرێتە ئامرازی ئاژاوەگێڕی و خۆپێشاندانەکان.

ئەمە یەکەم جار نییە کە سەدر لایەنگرانی بۆ بەڕێوەچوونی نوێژی هەینی یەکگرتوو بانگهێشت دەکات. پێشتر و لە کاتی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق ئەو بانگەوازەی دەرکردبوو.

هەروەها لە مانگی ئابی ڕابردوو لە کاتی مانەوەی لایەنگرانی لە ناوچەی سەوزی بەغدا هەنگاوی هاوشێوەی هەبوو.

لە ڕۆژانی ڕابردوو خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر کرا. ژمارەیەک لە میدیاکان و شرۆڤەکارانی عێراق ڕایانگەیاند کە ئەم هەنگاوەی سەدر وەک هەوڵێکی گەوڕانەوەیە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و کۆتایی هێنان بە بێدەنگی و پەراوێزکەوتن. ئەوان پێشبینی ئەوەیان کردووە کە لێرە بە دوا نوێژی هەینی بە تایبەت لە بەغدا ببێتە شوێنی مانگرتن و عێراق ڕوبەڕوی قەیرانێکی نوێی سیاسی بکاتەوە.

سەدر دەیەوێت بڵێت کە هێشتا کاریگەرییەکەی لە سەر شەقامی عێراقی و سیاسەتی ئەم وڵاتە وەک خۆی ماوەتەوە.

دەبێت چاوەڕوان بین و بزانین کە لەم هەلومەرجەدا کە ئەمریکاش لە چەکی دۆلار بەرامبەر بە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەڵک وەردەگرێت، ئایا سەدر داهاتوویەکی سیاسیی بۆ خۆی دیاری کردووە.

مێژووی دوو دەیەی ڕابردووی سەرۆکی ڕەوتی سەدر پیشان دەدات کە ناوبراو کەسێکی بەرزەفڕە و زیاتر لە سەرکردایەتی ڕەوت و لایەنێکی سیاسی بیر دەکاتەوە./.