کەمپی هول؛ لە وڵاتە بچووکەکەی داعشدا چی ڕوو دەدات؟

(0) / / ڕاپۆرت / داعش


Feb 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

کەمپی هول لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە نزیک سنورەکانی عێراق تەنیا شوێنی پەنابەرانی ئاسایی نییە بەڵکوو چەکدارانی پێشووی گرووپی تیرۆریستی داعش و خێزانەکانی ئەوان لەم کەمپەدا ژیان بە سەر دەبەن.

کەمپی هول ڕوبەڕوی کێشەیەکی جیدی بووەتەوە و ئەویش نەبوونی هێزی مەشق پێکراو و پسپۆڕە بۆ دابینکردنی ئاسایشی دانیشتووانەکەی.

ئەم کەمپە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتە کە 62 هەزار کەس بە تایبەت 10 هەزار ئەندام و لایەنگری داعش لە خۆ دەگرێت و لە ناوچە جیاجیاکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە بۆ ئەم کەمپە گوازراونەتەوە.

"ینس لایرکە" وتەبێژی نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆڤی سەبارەت بە ڕەوشی کەمی هول ڕایگەیاندووە کە ئاستی ناسەقامگیری و ئاڵۆزی لەم کەمپەدا بەرز بووەتەوە و ئەمەش کاریگەری نەرێنیی لە سەر ئیش و کاری ئەوانە داناوە کە هاوکارییە مرۆڤییەکان دەگەێننە پەنابەرەکان.

بە پێی ئامارێکی ئەو نووسینگەیە، لە نیوەی یەکەمی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، 12 پەنابەری سوری و عێراق لە کەمپی هولدا کوژراون کە زۆربەیان لە ڕێگای بەکارهێنانی چەکی بێدەنگەرەوە بووە.

چاودێری مافی مرۆڤی سوریاش ڕایگەیاندووە کە ساڵی ڕابردوو 33 چالاکیی تیرۆرکردن لە کەمپی هولدا کراوە، 21 پەنابەری عێراقی کە زۆربەیان هاوکاری هێزەکانی ئاسایشیان دەکرد لە گەڵ 6 ژن (یەک ژنی ڕووسی، دوو عێراق و سێ سوری) و 6 پیاوی سوری بە تایبەت یەک پاسەوان تیرۆر کراون.

هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و بەرپرسانی کەمپەکە ئەم تاوانەیان نەشاردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە کە کەمپی هول قەرەباڵغییەکی زۆری تێدایە و بە ئاسانی کۆنتڕۆڵ ناکرێت.

هوشەنگ حەسەن ڕۆژنامەنووسی کوردی سوریا بە کەناڵی حوڕەی ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی ئاسایشی کەمپی هول ئەرکێکی قورسی دابینکردنی ئاسایشیان کەوتووەتە ئەستۆ، لە بەر ئەوەی کە دانیشتووانی کەمپەکە کەسانی ئاسایی نین و ئەوان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش ژیاون و ڕەنگە لە تاوانەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەشدا دەستیان هەبووبێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە لە کەمپی هول پێداویستی ئەوتۆیان نییە و زۆربەی دانیشتووانی کەمپەکە هاوکاریی ئەو هێزانە ناکەن و ژمارەیەک لە توندڕۆکانیش چەکی قاچاخیان هەیە.

گەڕانەوەی ئەندامانی داعش

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشتر داوای لە وڵاتانی بیانی کرد کە هاووڵاتیانی خۆیان کە ئەندامی داعش بوون و ئێستا گیراون یان لە کەمپەکاندان، وەربگرنەوە، بەڵام وڵاتانی ئەورووپی ئەمەیان ڕەتکردەوە.

شڤان خابوری نوێنەری دەسەڵاتی خۆجێی کوردانی سوریا ڕایگەیاندووە کە کورد داوای بەڕێوەچوونی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ سزادانی ئەندامەکانی داعش دەکات کە بە چاودێری نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵات و دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی وەڵامی ئەو داواکارییەی نەداوەتەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری مافی مرۆڤی سوریاش ڕایگەیاندووە کە کەمپی هول وەک وڵاتێکی بچووکە بۆ داعش و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت بە شێوازی دادپەروەرانە چارەسەری ئەم کێشەیە بکات.

بەدەر لە کەمپی هول، هەسەدە ڕایگەیاندووە کە 12 هەزار کەس کە گومانی ئەوەیان لە سەرە پێشتر ئەندامی داعش بوون، لە 7 گرتووخانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەند کراون کە ژمارەی بیانییەکانی تەنیا دەگاتە 4 هەزار کەس.

دۆخێکی دژوار

خابوری لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە بە هۆی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیاوە دۆخێکی دژوار لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبینرێت و بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لە بەرامبەر داهاتووی ئەو تیرۆریستە بەندکراوانە و دانیشتووانی کەمپی هول هێندەی دیکە دۆخەکەی دژوار کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ درووستکردنی گرتووخانەی ستاندارد یان مەشق و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکانی ئەو گرتووخانانە هاوکاریی نەکردووە.

ڕاشیگەیاندووە کە هەسەدە هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی کەمپ و گرتووخانەکان دەخاتەگەڕ بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا وایکردووە کە ژمارەیەک لە هێزەکان لە سنورەکان جێگیر بکرێن.

شڤان خابوری لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری بەردەوامی ئەم دۆخە، کەمپی هول چارەنووسێکی زۆر مەترسیداری بۆ سەرجەم وڵاتانی جیهان دەبێت و ئەگەر تیرۆریستان بیانەوێت هەڵبێن یان خۆیان ڕێکبخەنەوە، دۆخەکە دەتەقێتەوە./.