واشنتن پۆست: سەرکردەی ئێستای داعش پێشتر سیخوڕی ئەمریکا بووە

(0) / / ڕاپۆرت / داعش


Apr 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بە پێی هەندێک بەڵگەی نهێنی ڕایگەیاندووە کە سەرکردەی ئێستای داعش، سیخوڕی ئەمریکا بووە.

بە پێی هەندێک بەڵگەی نهێنی، بەندکراو بە ژمارە 060108-01M وەک بەندکراوێکی نموونە بووە کە لە گەڵ هێزەکانی ئەمریکا کە ناوبراویان لە ساڵی 2008 دەستبەسەر کردبوو، هاوکاریی دەکرد و لە سەر کەسانی دیکە کە ئێستا بە ئەندامانی داعش ناسراون، لەو کاتەدا زانیاریی بە ئەمریکییەکان دەدا.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا بە پشت بەستن بە هەندێک بەڵگەی نهێنی لێپرسینەوە لە سەرکردەی ئێستای داعش کە لە ساڵی 2008 لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستبەسەر کرابوو، ڕایگەیاند کە بەڵگە ئاشکراکراوەکان پیشان دەدات کە ئەو بەندکراوە لە میانەی چەندین ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتووخانەی عێراق لە ساڵی 2008، زانیاری وردی لە سەر توندڕۆکان و هەوڵەکانی ئەوان بە تایبەت لە بواری میدیایی بە ئەمریکییەکان داوە.

بەڵگەکان هەروەها پیشان دەدات کە ئەو بەندکراوە زانیاریشی لە سەر ئەبو قسورە، کەسی ژمارە دووی داعش، و پاسەوانە تایبەتەکەی بە ئەفسەرە ئەمریکییەکان دابوو و پاش ئەوەش ئەبو قسورە لە هێرشێک لە شاری موسڵ کوژرا.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەو بەندکراوەی داعش کە وەک سیخوڕی ئەمریکییەکان لە گرتووخانەکەی عێراق چالاکی دەکرد هەمان ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی قورەشییە کە سەرکردەی ئێستای داعشە.

لە یەکێک لە ڕاپۆرتە نهێنییەکانی تایبەت بە لێپرسینەوەکانی ساڵی 2008 لە سەرکردەی داعش کە وەک سیخوڕی ئەمریکییەکان چالاکیی دەکرد، هاتووە کە پێدەچێت ئەم بەندکراوە پەرەی بە هاوکارییەکانی داوە.

لە بەڵگە ئاشکراکراوەکاندا ناوی سەرکردەی ئێستای داعش بە ئەمیر محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان مەولا هاتووە و سەبارەت بەو هاتووە کە ئەو بەندکراوە زانیارییەکی زۆری سەبارەت بە ئەندامانی سەر بە داعش خستووەتەڕوو.

واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە کە زانیارییەکانی ساڵی 2008 وایکردووە کە ئەمریکا هێندە کێشەی بۆ ناسینەوەی سەرکردەی ئێستای داعش نەبێت. ئەوان سەرەتا گومانیان لە سەر ناسنامەی سەرکردەی نوێی داعش هەبووە بەڵام دواتر بە لێکدانەوەی زانیارییەکان بەوە گەیشتوون کە هەر ئەو کەسەیە کە هاوکارییەکی زۆری لە گەڵ ئەمریکییەکان لە گرتووخانەدا هەبووە.

سەرکردەی ئێستای داعش کۆتایی ساڵی 2007 یان سەرەتای ساڵی 2008 کەوتە دەستی هێزەکانی ئەمریکا و لە لایەن ئەوانەوە لێپرسینەوەی زۆری لێکرا و ئەگەرچی بەرواری ئازادکردنەکەی دیار نییە بەڵام بەڵگەی لێپرسینەوەکان پیشان دەدات کە لە مانگی تەمموزی 2008 کۆتایی هاتووە و وازی لە هاوکاری هێناوە، هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە بە هۆی هاوکاریکردنی ئەمریکییەکان چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە پاداشت بکرێت.

واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە کە ئەفسەرە ئەمریکییەکان لە دوو مانگی سەرەتایی ساڵی 2008 بەردەوام حەزیان لە بینینی سەرکردەی ئێستای داعش دەکرد، لە بەر ئەوەی کە زیاترین زانیاریی بەوان دەدا و تەنانەت ژمارە تەلەفوونی 19 بەرپرسی داعشی بەوان دابوو.

ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆست ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمریکییەکان پێیان وایە کە سەرکردەی داعش لە سوریا یان عێراق خۆی حەشار داوە و فەرمانی هێرشەکان و چالاکییەکانی تیرۆریستانی ئەم گرووپە دەردەکات.

ئەمریکییەکان ڕایانگەیاندووە کە سەرکردەی داعش ئەگەرچی لاوازیش بێت بەڵام دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی سوریا پارە کۆبکاتەوە، چەک بکڕێت، ئەندامی نوێ بگرێت و بەردەوام وەک مەترسییەک بمێنێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی ڕاگەیاندنی کەسانی وەک هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووتر و دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، گرووپی تیرۆریستی داعش دەستکردی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە./.