لەتیف ڕەشید: چارەنووسی هەرێم و عێراق بە یەکەوە بەستراوە

(0) / / كوردستان / لەتیف ڕەشید


May 11, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەرۆک کۆماری عێراق لە میانەی وتارێکی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی، ڕایگەیاند کە چارەنووسی هەرێم و عێراق بە یەکەوە بەستراوە و لێک جیانابێتەوە.
لەتیف ڕەشید وتی: مێژووی گەلەکەمان پڕە لە سەروەری و شکۆمەندی و بە درێژایی دەیان ساڵەی خەباتی نەتەوەیی کەسانی زۆر گەورە و خاوەن کارێزما هاتوونەتە گۆڕەپانی تێکۆشان و کوردایەتی کە بە فەزڵی ئەوانەوە ڕێڕەوی خەباتی کوردایەتی و ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی بەردەوام بووە بۆ هێنانەدی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، ئێمەش وەک هەر گەلێکی زیندوو شانازی بەو سەرکردە مەزنانەوە دەکەین.
ناوبراو وتی: هەلومەرجی ناوچەکە بە گشتی و بارودۆخی عێراق بە تایبەت ڕوبەڕوی تەحەدیاتی گەورە بووەتەوە و قۆناغێکی نوێ هاتووەتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئێستا کەشێکی ئارام هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەک هەوڵ بدەن ئەم قۆناغە بقۆزنەوە بۆ وتووێژی زیاتری برایانە و ئاشتیانە بۆ بونیادنانەوەی وڵات.
لەتیف ڕەشید وتی کە چارەنووسی هەرێم و عێراق بە یەکەوە بەستراوە و لێک جیا نابنەوە و قۆناغەکانی ڕابردووش پێمان دەڵێن کە عێراق بە بێ هاوکاری و هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان ئارامی بە خۆوە نابینێت و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت سەقامگیری ئابوریی هەبێت بە بێ حکومەتی ناوەندی./.