هێرشەکانی داعش لە عێراق؛بەهێزبوون یان هەوڵێک بۆ مانەوە؟

(0) / / ڕاپۆرت / داعش


May 14, 2023

قەبارەی فۆنت:
شارەزایانی کاروباری ئەمنی لەو بڕوایەدان کە ئەو کێشە ئەمنییانەی جار و بار لە عێراق ڕوو دەدەن، هەوڵێکی گرووپی تیرۆریستی داعشە بۆ مانەوە، نەک ئەوەی کە پیشاندەری بەهێزبوونی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بێت.
هێرشە تیرۆریستییەکان لە پارێزگاکانی نەینەوا و سامەڕا، جارێکی دیکە قسە و باسی داعشی هێناوەتە پێشەوە و شارەزایانی ئەمنی هۆکارەکەی بۆ هەوڵی داعش لە پێناو مانەوە دەزانن نەک ئەوەی کە ئەم گرووپە تیرۆریستییە بەهێز بێت، زیاتر لەمەش داعش هەوڵی تۆڵەکردنەوەی کوژرانی سەرکردەکەی دەدات کە لەم ماوەیەدا کوژرا.
جەلیل خەڵەف شارەزای کاروباری ئەمنی بە پێگەی العالم الجدید ی ڕاگەیاندووە کە هێرشەکانی داعش بە هۆی بوونی لە چەندی ناوچەیە، ئەگەرچی ئەم گرووپە تیرۆریستییە هیچ ناوچەیەکی لە ژێر کۆنتڕۆڵدا نییە و نابێتە مەترسی و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر عێراق.
ناوبراو وتی: داعش لە پاش 2017 شێوازی شەڕی خۆیی لە عێراقدا گۆڕیوە و هێرشەکانی بە 3 تا 10 کەس ئەنجام دەدات و زیاتر ئەو ناوچە ئارامانە دەکاتە ئامانج کە چاودێری زۆر ئەمنییان لە سەر نییە و هێرشەکان بۆ ئەوەشە کە بڵێن داعش ماوە.
خەڵەف کە فەریقی خانەنشینە، وتی: داعش پاش کوژرانی سەرکردەکەی، دەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت و ئەم هێرشانەش وەک تۆڵەیەک ئەنجام دەدات، ئەوەی کە ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە هێرشەکانی داعش گۆڕانکارییەکی بەرچاو بە خۆوە دەبینێت، بۆ نموونە، داعش چیدی هێرشەکانی ڕاناگەێنێت و بێدەنگ و بە بێ شرۆڤەی وردەکارییەکان دەچێتە پێشەوە و ڕۆڵی هەواڵگری لە هێرشەکاندا زیاتر بووە.
هەیسەم خزعەلی شارەزای کاروباری ئەمنیش ڕایگەیاندووە کە ئەندامانی داعش لە نەینەوا و سامەڕا بە شێوازی شانەی نوستوو چالاکی دەکەن و لە ڕێگای سنورەکانی سوریاوە دزە دەکەنە ناو خاکی عێراق.
ناوبراو وتی: چالاکییەکانی داعش لە پێناو ڕاگەیاندنی مانەوەی ئەم گرووپە تیرۆریستییەیە تا بڵێت کە هێشتا لە عێراقدا ماوەتەوە، هێرشەکانیش لە لایەن گرووپە گەڕۆکەکان و شانە نوستووەکانەوە دەکرێت و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە.
عماد عەلو لە شارەزایانی دیکەی کاروباری ئەمنی لە عێراق ڕایگەیاندووە کە داعش کاتێک سەرکردەکانی دەکوژرێن چالاکی تۆڵەسەندنەوەی دەبێت و پێویست باکات کە ئەو هێرشانە لە شوێنێکی تایبەتدا بن بەڵکوو لەو شوێنانەیە کە شانە نوستووەکانی داعش بوونیان هەیە.
ناوبراو وتی: لە ساڵی 2022 گرووپی تیرۆریستی داعش 483 چالاکی لە عێراقدا هەبووە بەڵام لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوو لە پاش هاتنە سەر کاری محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تا ئێستا چالاکییەکانی داعش لە 121 چالاکی زیاتر نەبووە./.