ئێران و چین گرنگی بە پتەوکردنی هاوکارییەکانیان لە بواری وزەدا دەدەن / ئایا گەمارۆکانی ئەمریکا بێ کاریگەر دەبێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / چین


Apr 10, 2021

قەبارەی فۆنت:

شارەزایەکی بواری وزە وتی: بەردەوامی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چین دەتوانێت گەمارۆکانی ئەمریکا لەم بەشەدا بێ کاریگەر بکات بەڵام حکومەتی تاران نابێت تەنیا گرنگی بە فرۆشتنی نەوتی خاو بدات بەڵکوو دەبێت بیر لە وەبەرهێنانی چین لە پیشەسازی پترۆکیمیای ئێران بکرێتەوە.

 عەباس ئەیاران شارەزا لە بواری نەوت و گاز سەبارەت بە ڕێکەوتنی ستراتیژی 25 ساڵەی نێوان ئێران و چین، وتی: کاریگەری ئابوری چین لە سەر ئاستی جیهانی بابەتێکی حاشاهەڵنگرە و بە پێی پێشبینی تا ساڵی 2030 چین دەبێتە هێزی یەکەمی ئابوری جیهان و ئەمریکاش بە جێ دێڵێت. بۆ ئەمەش پێویستە کە ئێران هەر لە ئێستاوە هەوڵی نزیکبوونەوە لەم هێزە ئابورییەی جیهان بدات. ستراتیژی سەرەکی ئێران لە پەیوەندییە ئابورییەکان دەبێت بە پێی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان بێت. لەم نێوەندەدا گرنگە کە ئێران بزانێت چ پلانێکی بۆ کەڵک وەرگرتن لە دەفرایەتییەکانی چن لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی هەبێت.

ناوبراو وتی: گرنگی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەوەدایە کە ڕێگری لەوە دەکات هەر لایەنێک لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران هەوڵی زیاترکردنی هەژموونی خۆی بدات. ئەزموونی ڕێکەوتنی ناوەکی ئەوەی سەلماندووە کە بە تەنیا پشت بەستن بە وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئێران مسۆگەر بکات، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر ئێران نەتوانێت جێگرەوەیەکی بۆ ئەمە هەبێت، لایەنی بەرامبەر بەهێزەوە خۆی پیشان دەدات و درێژە بە سزادانی ئێران دەدات.

ئەیاران وتی: لە بواری نەوت و وزە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ چین دەتوانێت بەستێنی بێ کاریگەرکردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران دابین بکات. لە سەردەمی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران، چین درێژەی بە هاوردەی نەوتی ئەم وڵاتە دەدا کە ئەوەش بووە هۆی بێ کاریگەرکردنی بەشێکی سزاکان. ئێستاش نیگەرانی ئەمریکا لە ڕێکەوتنە 25 ساڵەکەی ئێران و چین هەمان بابەتی بێ کاریگەرکردنی گەمارۆکانی سەر تارانە.

ئەو شارەزایەی بواری وزە لە درێژەدا وتی: هەندێک کات دەوترێت کە بە پێی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا، پەکین هیچ کات بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ناکاتە قوربانی ئێران. لە ئەنجامی ئەمەش ڕەنگە چین لەم ڕێکەوتنەی ئێران وەک کارتێکی یاریکردن بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر لە گەڵ ئەمریکا کەڵک وەربگرێت. من ئەمەم قبووڵ نییە و بە چەندین هۆکار دڵنیایی ئەوە دەدەم کە وەها تێڕوانینێک لە سەر پەیوەندییەکانی ئێران و چین درووست نییە.

وتیشی: لە ئێستادا چین بە ڕکابەری سەرەکی ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا هەژمار دەکرێت و شەڕی ئابوری و بازرگانی نێوانیان لە داهاتوودا جیدیتر دەبێت، چین لە ئابوری جیهاندا لە بەرەی نەیاری ئەمریکادایە و هەوڵ دەدات پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی لە گەڵ ئەو وڵاتانە بەهێزتر بکات کە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکان.

ناوبراو وتی: چین هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی وزەی درێژخایەن و دڵنیاکەرەوە دەدات تا لە ئەگەری هەر سزا و گەمارۆیەکی ئەمریکا بتوانێت خۆی ڕابگرێت، هەر بۆیە پێویستیی چین بە نەوتی ئێران بابەتێکی گرنگە کە بۆ بەرپرسانی پەکین سەلمێندراوە.

عەباس ئەیاران وتی: لە ئێستادا ڕێکەوتنەکەی ئێران و چین وەک نەخشەڕێگا و ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دادەنرێت و بابەتی گرنگ ئەوەیە کە ئێران چۆن دەتوانێت کەڵک لەو ڕێکەوتنە بگرێت، هەرچەندە کە چین بە دڵنیاییەوە هەوڵی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات و ئامانجی خۆیی دیاری کردووە، ئێرانیش گرنگە وەها هەنگاوێکی هەبێت و وانە لە ئەزموونی ڕێکەوتنی ناوەکی وەربگرێت.

ئەو شارەزایەی بواری وزە لە درێژەدا وتی: لە ڕێکەوتنەکەی ئێران و چین گرنگییەکی زۆر بە بواری وزە دراوە، بە تایبەت لە بواری نەوت و بڕیارە چین لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران و کردنەوەی پاڵاوگە و پترۆکیمیا وەبەرهێنان بکات.

ناوبراو وتی: بە دڵنیاییەوە کە چین ئەوەی دەوێت زیاتر گرنگی بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی ئێران بدات تا ڕەوتی هەناردەی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی خۆی دابین بکات و بەمەش لە نەوتی خاوی ئێران زیاترین بەرهەرمی هەبێت و پشکی خۆی لە بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکانی جیهاندا زیاتر بکات.

ئەیاران وتی: بەڵام ئێران دەبێت لەم ڕێکەوتنە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە پیشەسازی پترۆکیمیا کەڵک وەربگرێت، تەنیا هەناردەی نەوت بۆ چین گرنگ نییە بەڵکوو وەبەرهێنانی چینییەکان لە ئێران گرنگە، بۆ نموونە کردنەوەی پاڵاوگە گەورەکان لە بەندەری جاسک دەتوانێت یەکێک لە پێشنیارەکانی ئێران بێت.

بە وتەی ناوبراو، لە ڕێکەوتنەکەی ئێران و چین پەرەپێدانی پیشەسازییە پەیوەندیدارەکانی کەرتی نەوتی ئێران لە بەرچاو گیراوە بەڵام مسۆگەربوونی ئەم ئامانجەش بەندە بە پلان و بەرنامەی وەزارەتی نەوتی ئێران و پێویستە کە ئەم وەزارەتەی ئێران تیمێک لە پسپۆڕانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە و کەڵک وەرگرتنی زیاتر لەم دەرفەتە پێک بێنێت.

ئەیاران لە کۆتاییدا وتی: چینییەکان لە پرۆژە نەوتییەکاندا زیاتر گرنگی بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستە و پێداویستییەکانی خۆیان دەدەن و بۆ ئەمەش پێویست بە وردبینی زیاتر دەکات تا ئەزموونی ڕێکەوتنی ناوەکی لە پەراوێزکەوتنی پیشەسازییەکانی ئێران لە پیشەسازی نەوت دووبارە نەبێتەوە./.