کڵیچدار ئۆغلۆ دەستگیر دەکرێت

(0) / / ئەورووپا / کڵیچدار ئۆغلۆ


Jun 24, 2023

قەبارەی فۆنت:
ڕۆژنامەنووسێکی تورک ئاشکرایکردووە کە ئەگەری دەستگیرکردنی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری بە هۆی زیاتر لە 30 سکاڵاوە لە ئادارایە و ڕەنگە لە کاروباری سیاسی دووربخرێتەوە.
بارش تورکۆئۆغلۆ ڕۆژنامەنووسی تورکیا ڕایگەیاندووە کە سەرۆکی جەهەپە کە پارێزبەندی پەرلەمانیی لە دەست داوە، ڕەنگە دادگایی و تەنانەت دەستگیر بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەگەری دەستگیرکردنی ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و دوورخستنەوەی لە کاروباری سیاسی لە ئارادایە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 30 سکاڵا لە دژی کڵیچدار ئۆغلۆ هەیە و لە بەردەم دەسەڵاتی دادوەریدا لێپرسینەوەی لە گەڵدا دەکرێت.
ناوبراو سەبارەت بە تۆمەتەکانی سەرۆکی جەهەپەش ڕایگەیاندووە کە سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار، هاندانی خەڵک بۆ دوژمنایەتی، هەڕەشە، بوختان، ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و چەکداری، لە ڕیزی ئەو تۆمەتانەی سەرۆکی جەهەپەن و سەرجەم دۆسیەکانیش ڕەوانەی نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانە تیرۆریستییەکان لە داواکاری گشتی ئەنکەرە کراوە.