قەیرانی فەرماندەیی لە گرووپی تیرۆریستی داعش

(0) / / ڕاپۆرت / حەسەن ئەبوهەنیە داعش


Aug 05, 2023

قەبارەی فۆنت:
چەند سەرچاوە و شارەزایەکی عەرەبی باس لەوە دەکەن کە لە پاش کوژران و دەستگیرکردنی فەرماندەکانی داعش، ئەم گرووپە تیرۆریستییە کەوتووەتە قەیرانێکی فەرماندەیی.
گرووپی تیرۆریستی داعش هەواڵی کوژرانی ئەبولحوسێن قورەشی سەرکردەی ئەم گرووپەی پشتڕاست کردووەتەوە و دەستەی تەحریری شام یان بەرەی نوسرەی پێشووی بە کوشتنی تۆمەتبار کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تورکیا سێ مانگ بەر لە ئێستا کوژرانەکەی گرتووەتە ئەستۆ، ئەمەش چەندین پرسیاری لە سەر قەیرانی فەرماندەیی لە داعش هێناوەتە پێشەوە.
ئەبو حۆزەیفە ئەنساری وتەبێژی داعش پێنج شەممەی ڕابردوو لە تۆمارێکی دەنگیدا ڕایگەیاند کە ئەبولحوسێن قورەشی لە لایەن دەستەی تەحریری شان لە یەکێک لە شارۆچکەکانی نزیک ئیدلب لە سوریا کوژراوە.
ناوبراو ئاماژەی بە کاتی کوژرانەکە نەداوە و تەنیا ڕایگەیاندووە کە داعش کەسێکی دیکەی بە ناوی ئەبو حەفس هاشمی قورەشیی وەک سەرکردەی نوێ دەستنیشان کردووە.
وتەکانی ئەنساری لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا مانگی ئایاری ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە سەرکردەکانی داعش لە هەڵمەتێکی هێزەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەم وڵاتە لە سوریا کوژراوە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە الشرطە العکسریە ی سەر بە سوپای نیشتمانی سوریا ڕایگەیاندبوو کە سەرکردەیەکی گرنگی داعش لە میانەی پرۆسەیەکی ئەمنیی هێزەکانی هەواڵگری تورکیا لە باکوری حەلەب خۆیی تەقاندووەتەوە و کوژراوە.
حەسەن ئەبوهەنیە توێژەری کاروباری گرووپە ئیسلامییەکان ڕایگەیاندووە کە داعش لە ساڵی 2019 تا ئێستا تووشی قەیرانێکی ناوخۆیی فەرماندەیی بووە و هۆکارەکەشی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی ئەم گرووپەیە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، هێزەکانی هەسەدە، حکومەتی عێراق و دەستەی تەحریری شام.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دواخستنی ڕاگەیاندنی کوژرانی سەرکردەی پێشوو و دەستنیشانکردنی سەرکردەی نوێ پیشاندەری کێشەی ناوخۆیی فەرماندەیی لە داعش و دزەکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەم گرووپە و ئاشکرابوونی شوێنی فەرماندە و سەرکردەکانیە.
ئەبوهەنیە ڕایگەیاندووە کە سەرکردەی داعش ڕەنگە عێراقی و کەسێکی گەنج بێت.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو تەنیا لە یەک ناوچەدا 4 سەرکردەی گرنگی داعش کوژراون.