پەیامەکەی پوتین بۆ ئەردۆغان لە ئۆکراینا

(0) / / ڕاپۆرت / تورکیا رووسیا ئۆکرانیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان


Aug 13, 2023

قەبارەی فۆنت:
پێگەی "دیفێنیس نیوز"ی تایبەتمەند بە هەواڵە سەربازییەکان بڵاویکردۆتەوە، رۆژی 6ی ئەم مانگە روسیا لەڕێگای هێرشێکی گەورەی مووشەکیی و دڕۆنییەوە لە قوڵایی خاکی ئۆکرانیا کارگەیەکی وێرانکردووە کە تایبەت بووە بە بەرهەمهێنانی بزوێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەوتووەکانی تورکیا.
پێگەکە باسی لەوەکردووە، رۆژی 6ی ئاب، رووسیا وەک تۆڵەکردنەوەی لە پێکانی کەشتییەکی بازرگانیی رووسیی لە دەریای رەشدا، لەڕێگای 70 دڕۆنی خۆکوژی ئێرانی و سێ شەپۆلی یەک لەدوای یەکی هێرشی مووشەکییەوە، کارگەی "مۆتۆڕ سیچ"ی لە ناوچەی ژابۆریژیا لە ئۆکرانیا وێرانکردووە کە بزوێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەرهەمدەهێنێت، بەوەش رووسیا پەیامێکی ئاگادارکردنەوەی توندی بۆ تورکیا ناردووە.
یوجین کۆگان شرۆڤەکاری ئەمنیی بە "دیفێنس نیوز"ی ڕاگەیاند، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆککۆماری ڕوسیا ویستویەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی هاوتا تورکیەکەی ئاگادار بکاتەوە، کە "سەرەڕای پەیوەندی دۆستایەتیی و ڕێزگرتنی دوولایەنە"، بەڵام چالاکیی سەلجوق بایرەقداری زاوای سەرۆک کۆماری تورکیا لەئۆکرانیا باجێکی قورسی دەبێت، بەوپێیەی ناوبراو سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمپانیای بایکارە بۆ درووستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
هەروەک، دیبلۆماتکارێکی تورکی کە داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە پێگەکەی راگەیاندووە، هێرشەکەی رووسیا ئاگادارکردنەوەیەکی رەمزیی بووە بۆ تورکیا بەوەی مۆسکۆ لەبەشێک لە دەستپێشخەرییەکانی تورکیا دەربارەی قەیرانی ئۆکرانیا بێزارە.
دیفینیس نیوز باسی لەوەکردووە، ئەو کارگەیەی رووسیا وبۆردومانی کردووە، بزوێنەری AI-450 بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "Bayrakidar Akinci" و بزوێنەری "AI-25TLT" بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "TAI Anka" دابین دەکات.
باسی لەوەشکردووە، فڕۆکەی جەنگی "قزل ئێلما"ی تورکی کە بە "سێوی سوور" ناسراوە، فڕۆکەیەکی جێتی بێفڕۆکەوانە کە ئەمساڵ چووەتە بواری خزمەتەوە، بزوێنەرەکەی لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە دروستدەکرێت، ئەمەش ڕاددەی فراوانی هاوکارییە سەربازییە نێوان هەردوولا دەردەخات.