لە سەدا 56 ی ئەمریکییەکان لە بایدن ناڕازین

(0) / / ئەمەریکا / جۆبایدن


Oct 31, 2023

قەبارەی فۆنت:
بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەک، تەنیا لە سەدا 44 ی ئەمریکییەکان لە کارنامەی سەرۆکایەتی جۆبایدن ڕازین.
ئەنجامی ڕاپرسییەک کە دووشەممە 30 ی تشرینی یەکەمی 2023 بڵاو بووەتەوە، پیشان دەدات کە لە سەدا 56 ی ئەمریکییەکان لە جۆبایدن وەک سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان ڕازی نین.
لە ڕاپرسییە هاوبەشەکەی News Nation/Decision Desk HQ لە سەدا 56 ی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە ڕەزامەندییان لە سەر کار و چالاکییەکانی جۆبایدن نییە، لە سەدا 44 ی ئەوانیش ڕەزامەندی خۆیان دەربڕیوە.
لە دابەشکردنی حیزبیشدا لە سەدا 85 ی دیمۆکراتەکان و لە سەدا 10 ی کۆماریخوازەکان ڕەزامەندییان لە سەر کارنامەی سەرۆکایەتی بایدن هەبووە و لە سەربەخۆکانیش لە سەدا 40 ئەم بۆچوونەیان هەبووە.
لە ڕووی تەمەنیشەوە، بەشداربووان لە تەمەنی 18 تا 34 ساڵ بە لە سەدا 48 باڵاترین ئیمتیازیان بە بایدن داوە، لە کاتێکدا کە لە نێو بەشداربووانی تەمەن 35 تا 50 ساڵە ڕێژەی ڕەزامەندی لە سەدا 45 بووە. لە سەدا 42 ی کەسانی سەروی 55 ساڵیش لە کارنامەی بایدن ڕازی بوون.
بەشداربووانی ئەمریکی – ئەفریقی بە لە سەدا 61 زۆرترین ڕەزامەندییان لە کارنامەی بایدن هەبووە، لە بەرامبەردا لە سەدا 55 ی ئاسیاییەکان و هیسپانیکەکان ڕەزامەندی خۆیان بۆ بایدن دەربڕیوە. لە نێو سپی پێستەکانیش تەنیا لە سەدا 42 ڕەزامەندییان لە بایدن هەبووە.