گۆڕان و پارتی بەرەو کوێ؟

(0) / / فایلی تایبەت / گۆڕان


Apr 29, 2021

قەبارەی فۆنت:

میدیاکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایانگەیاندووە کە عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندیی بەم حیزبەوە کردووە.

چەند ڕۆژێکە دەنگۆی پەیوەندیکردنی عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک و چەند هەڵسووڕاوێکی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان بە پارتییەوە بڵاو بووەتەوە و ماڵپەڕێکی سەر بە پارتیش ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستانیش لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم ڕووداوە ڕایگەیاندووە کە پارتی بە پارەی خەڵکی کوردستان و پلەی سەربازی، هەڵسووڕاوانی گۆڕان دەکڕێت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت بەشداری و شەراکەتی گۆڕان لە کابینەکەی مەسرور بارزانی نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک توندترین هەڵوێستی لە دژی پارتی هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە مامەڵەی حیزبەکەی لە گەڵ گۆڕان بە پێی گۆڕانێکی خاوەن 12 کورسی بووە نەک 6 کورسی پەرلەمان.

گۆڕانکارییەکانی ئەم ڕۆژانەی نێوان پارتی و گۆڕان لە کاتێکدایە کە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە پەرلەمانی عێراق پێشتر داوای کشانەوەی حیزبەکەیان لە کابینەی حکومەتی هەرێم کردووە./.