دابەشکردنی زەوی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، دەست پێدەکات
(0) /
ڕوانگە - ڕێکارەکانی دابەشكردنی زەوی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت هەمو ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی کە لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە بون بەخاوەنی یەکەی نیشتەجێ بوون بەسودمەندبوو حیساب ناکرێن.
بەرزان کەریم مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان بۆ ڕاونگە ڕایگەیاند:" ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبونی هەریەکە لە بەڕێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی گەرمیان و جێگرانی بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان و لێپرسراوی بەشەکانی GIS و نەخشەی بنەڕەتی و زەوی،
كۆبوونەوەی شارەوانیەکان ، بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو
وتیشی:" لەکۆبونەوەکەدا جەخت کرایەوە لە سەر دابینکردن و دەستنیشانکردنی زەوی نیشتەجێبوون بە مەبەستی دابەشکردنی بە سەر فەرمانبەرانی شایستە کە سودمەند نەبونە بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژ(٢٤٢ لە ٢٠٢٤/٣/٢٧)
بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان، ڕویشی کردەوە:" هەموو بەڕێوەبەرێوەبەرایەتیە گشتیەکان ڕاسپێردراون کە دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا زەوی پێویست ئامادەبکەن و ئەگەر شارەوانیش زەوی نەبو بۆ ئەو مەبەستە، ئەوا دەبێت دەست بەفراوانکردن بکات و زەوی کشتوکاڵی ئامادەبکات و بخرێتە سەر سنوری شارەوانی بۆئەوەی بەسەر ئەوکەسانەدا دابەشبکرێت کەتاوەکو ئێستا سودمەندنەبون
بەرزان کەریم مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان، ئاشکرایشی کرد:" هەمو ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە بون بەخاوەنی یەکەی نیشتەجێ بوون بەسودمەند حیساب ناکرێن، چونکە بەپێی یاسا ئەوانە سودمەند نەبون لە حکومەت و لە بەرامبەر بڕێک پارەدا یەکەیەکی نیشتەجێ بونیان پێدراوە.
تێبينيێك بنێرە: