گەڕانەوەی ژمارەیەک ئاوارەی دیکە بۆ شنگال
(0) /
ڕوانگە - وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گەڕاندنەوەی 569 ئاوارەی دیکە بۆ شنگال ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەمەشدا پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان خاوە.
300 هەزار ئاوارەی شنگال لە هەرێمی کوردستانن، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە تاوەکو 30 تەممووزی ئەمساڵ، سەرجەم کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان دابخات و بەشێکی زۆری ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو ئاوارانە لە دەرەوەی کەمپەکان دەژیان و لە کۆمەڵگەی شاریا و گوندەکانی سەر بە کۆمەڵگەکە نیشتەجێبوون، ئەمڕۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان لە قەزای شنگال.
گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا بووە و پاڵپشتی لۆجستیشیان بۆ دابین کراوە.
هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوە و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری بۆ شنگال نەنراوە، بۆیە بەشێکی ئاوارەکان ئامادە نین بگەڕێنەوە و پێشبینیش ناکرێت لەوکاتەی دیاریکراوە کەمپەکان دابخرێن.
تێبينيێك بنێرە: