هەر لە ئێستاوە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بووەتە جێی مشتومڕی لایەنە سیاسییەکان

(0) / / ڕاپۆرت / بەرهەم ساڵح


Jun 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

هەرچی لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق نزیک دەبینەوە، هاوپەیمانییەکان و ڕێکەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستە باڵاکان ئاشکراتر دەبێت.

یەکەم بابەتی گرنگ کە هەر لە ئێستاوە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە، پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەم وڵاتەیە.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەم دواییە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە بە پێی ڕێکەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە و لە نێو کوردیش ئەو ڕێکەوتنە کراوە کە پۆستەکە بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت.

ناوبراو ڕایگەیاند کە یەکێتی جەخت لە سەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح دەکاتەوە.

بە وتەی چاودێران، لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ محەممەد حەلبوسی سەرکردەی سوننە و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە کە ڕایگەیاندبوو پۆستی سەرۆک کۆمار لەم خولەدا دەبێت ڕادەستی سوننەکان بکرێت.

خەسرەو گۆران بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە کە باسکردن لەم بابەتە هێشتا زووە و دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بین.

هەروەها ماجد شەنگالی لە سەرکردەکانی پارتی ڕایگەیاندووە کە هەر حیزبێک مافی ئەوەی هەیە بۆ گەیشتن بە پۆستە باڵاکان هەوڵ بدات و هیچ پۆستێک بۆ هەمیشە بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی یەکلایی نەبووەتەوە.

هاوکات ڕەعد حوسێن ئەندامی هاوپەیمانی سائیرۆن لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە بەرهەم ساڵح شیاوبوونی خۆیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەلماندووە و سائیرۆن پاڵپشتی لە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ناوبراو دەکات.

هەروەها ئەحمەد کەنانی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح ڕایگەیاندووە کە باسکردن لەم بابەتە هێشتا زووە و دەبێت سەرەتا کوردەکان لە ناو خۆیاندا بگەنە ڕێکەوتن.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی سائیرۆن لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان گەیشتووەتە ڕێکەوتن و پاڵپشتی لە سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح ناکات./.