داعش شەڕی ئابوریی لە دژی عێراق دەستپێکردووە

(0) / / ڕاپۆرت / داعش


Jun 22, 2021

قەبارەی فۆنت:

داعش بۆ تۆڵەسەندنەوە لە عێراقییەکان بەشێکی هەستیاری کردووەتە ئامانج کە ئەویش خزمەتگوزارییەکانە و لە ڕاستیدا شەڕی ئابوریی لە دژی عێراقییەکان دەستپێکردووە.

بۆ چوارەمین هەفتەی بەردەوام، هێرشی سەر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە چەندین ناوچەی عێراق بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، زیانێکی زۆر و پچڕانی کارەبای بۆ ماوەیەکی زۆر لێکەوتووەتەوە.

ئەم هێرشانەی داعش بووەتە قەیرانێکی نوێی بەردەم حکومەتی عێراق کە بەڵێنی باشترکردنی دۆخی کارەبای بە تایبەت لە وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما داوە.

زۆربەی هێرشەکان دەکرێتە سەر ئەو تاوەرانەی کە لە پارێزگای دیالە کارەبای هاوردەکراوی ئێران بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق و پارێزگای بەغدا دەگوازنەوە.

بەرپرسانی حکومەتی عێراق داعشیان بە ئەنجامدەری ئەم هێرشانە ناو بردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای عێراق، لە ماوەی 4 هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 30 هێرش کراوەتە سەر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا کە بووەتە هۆی زیانێکی زۆر و پچڕانی تەواوی کارەبا لە ژمارەیەک لە شارەکانی عێراق.

هێرشەکانی داعش لە ڕێگای بۆمب یان ڕۆکێتەوە دەکرێت و لە هەندێک ناوچەی بیابانیش تاوەرەکان لە نزیکەوە هێرشیان دەکرێتە سەر کە ئەمەش بۆ بۆشایی ئەمنی و نەپاراستنی ئەو ناوچانە لە لایەن هێزەکانی عێراقەوە دەگەڕێتەوە.

ئەحمەد نەعیمی شارەزای کاروبای ئەمنی عێراق ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرتی کارەبا بە ئامانجی زیاترکردنی کێشە و قەیرانەکانی حکومەت، هاندانی خەڵک و شێواندنی دۆخی ئەمنی ئەم ناوچانە دەکرێت./.