دوا ڕاپۆرتى دەزگاى کەشناسی جیهانى چیمان پێ دەڵێ؟! / د. عەبدولموتەلب رەفعەت سەرحەت
(0) /
ڕوانگە - ساڵانە دەزگا کەشناسی ودەزگا زانستییە جیهانیەکان ڕاپۆرتى خۆیان ئامادە ئەکەن لە بارەى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا و بڵاوى دەکەنەوە بەمەبەستى ئاگادارکردنەوەى دانیشتووانى جیهان لەو مەترسیانەى کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەداهاتوودا لە ئەنجامى تێکچوونى سیستەمى ژینگە. وهەموو ئەو دەزگا جيهانيانە دەزگاى زانستى باوەڕپیکراون وپشت بە داتاو زانیارى دەبەستن بۆ پیشبینیکردنى دۆخى بەرگى هەوایى و ئاستى گۆڕانکارییەکان کە لە سیستەمى ژینگە ڕوودەدات. وزۆرێک لە زانایان و چالاکوانانى بوارى کەش وهەوا و ژینگە دۆستان پشت بە زانیارییەکانیان ئەبەستن بۆ ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى وبڵاوکردنەوەى هۆشیارى لە نیو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا. یەکێک لەو دەزگا باوەڕپێکراوانە دەزگاى کەشناسی جیهانییە (WMO) کە ماوەیە پێش ئێستا ڕاپۆرتێکى تێروتەسەلی لە سەر دۆخى کەش وهەواو پێشبینیەکانى بۆ داهاتووى گۆى زەوى بڵاوکردەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەى زۆر مەترسیدارى تیدايە لە سەر دۆخى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا و بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى. و ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵى ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بووە بە بەراورد لە گەڵ ماوەکانى پێش شۆڕشی پیشەسازى. و پلەکانى گەرمى لە ساڵى ٢٠٢٣ نزیکەى (١,٤٥±٠,١٢) پلەى سلیزى بەرزبووەتەوە. واتا لە زۆرێک لە ناوچەکانى جیهان بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى گەشتووەتە زیاتر لە (١,٥) پلەى سیلیزى کە ئەو پلەیەیە یا ئەو هێڵەیە کە لە (ڕێککەوتتنامەى پاریس بۆ گۆڕانى کەش و هەوا) واژووى لەسەر کراوە و هەموو وڵاتانى جیهان خۆیانیان بە ڕێکارەکانى پاراستنى وتێنەپەڕاندنى پابەندکردووە. بەواتایەکى تر لەو ڕێککەوتتنامەیە هەموو وڵاتان کۆک بوون لە سەر ئەوەى کە دەبێ هەوڵی جددی بدرێت بۆ ئەوەى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى تا کۆتایى سەدە (١,٥) پلەى سیلیزى تێپەڕنەکات، چونکە تێپەڕاندنى ئەو پلەیە کارەسات لە کۆى سیستەمى ژینگە درووست دەکات وەکو توانەوەى بەستەڵەکەکان وبەرزبوونەوەى ئاستى دەریاو زەریاکان ودواتر نوقمبوونى زیاتر لە ٣٥ وڵات وشارى گەورەى لە جیهاندا، ئەمە جگە لە ئاسەوارەکانى تر وەکو گرفتى کەم ئاوى وئاسایشى خۆراک وگرفتەکانى تر. هەر بەپێى ئەو ڕاپۆرتە ٨٦ ڕۆژ لە کۆى ٣٦٦ رۆژى ساڵى ٢٠٢٣ پلەکانى گەرمى سەرووى ستاندەرد بوونە، ئەمەش یەکەم جارە تۆماربکرێت کە لە ساڵێکدا ئەوەندە ڕۆژە گەرمتر بووە لە ستاندەرى سروشتى.
لە بەشێکى ترى ڕاپۆرتەکەدا بەراوردێک ئەنجامدراوە لە نێوان حوزەیرانى ٢٠٢٣ تاوەکو حوزەیرانى ٢٠٢٤ ودەرکەوتووە کە پلەکانى گەرمى (١,٦٣) پلەى سیلیزى بەرزبوونەتەوە، واتا ئەو هێڵەى تێپەڕاندووە کە لە ڕێککەوتتنامەى پاریس دیارى کراوە. ئەمەش ئاماژەیەکى زۆر مەترسیدارە بۆ هەموو جیهان، چونکە بە پێى پێشبینیەکانى ئەو دەزگایە ئەگەر ئەم بەرزبوونەوە بەردەوام بێت بەهەممان سیناریۆ وڕیتم ئەوە تا ساڵى ٢١٠٠ پلەکانى گەرمى (٢,٧) پلەى سیلیزى بەرزدەبنەوە و تا ئەو کاتە زۆرێک لەو وڵاتانەى کە هەڕەشەى نوقمبوونیان لە سەرە نەماون وکۆى سیستەمى ژینگە بە گشتى تێکچووە. بۆیە ئەو دەزگایە ئاماژەى بەوە کردووە کە ڕێژەى گازە گەرمکەرەوەکان وبە تایبەتى گازە کاربۆنییەکان زیاتر بەرزبوونەتەوە سەرەڕاى ئەوەى کە وڵاتانى پیشەسازى بەڵێنى ئەوەیان دابوو کە ڕێژەى گازە گەرمکەرەوەکان کەم بکەنەوە لەڕێى پابەندبوونیان بە ڕێکارەکانى پاراستنى سیستەمى ژینگە لە گۆى زەوى. وساڵانە هەموو گازە گەرمکەرەوەکان بە ڕێژەى (١,٢-٣%) زیادەبن لە بەرگى هەواییى وساڵانە بڕى زیاتر لە (٥٥) جێگا تەن لە گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن دەردەپەڕێنرێتە بەرگى هەواییەوە.
ودەزگاى کەشناسى جیهانى لەو ڕاپۆرتەدا پێشبینى ئەوە دەکات کە لە نێوان ساڵى ٢٠٢٤ تاوەکو ٢٠٢٨ بەلانى کەمەوە یەک ساڵیان گەرمتر دەبێت لە ساڵى ٢٠٢٣ و دیاردە توندەکانى کەش وهەوا لەو چوار ساڵە زیاتر ڕوودەدەن. وپێشبینى ئەوەشیان کردووە کە گوڕانکارییەکان لە کۆى سیستەمى ژینگە بەردەوامیان هەیە ودیاردەکانى ووشکى ولافاو و گەردەلوول وسوتاندنى دارستانەکان... وهتد بەردەوام دەبن. وئەم بەردەوامبوونە کاریگەر دەبێت وگۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا توندتر دەکاتەوە و مەترسیەکانى سەر دانیشتووانى جیهان زیاتر دەبێت. چونکە لە ئێستادا گرفتى ئاو بە هۆى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەواو وزیادبوونى ڕێژەى دانیشتووانەوە زەققتر بوەتەوە، و نزیکەى (٣,٦) ملیار کەس کە هاوتایە بە نزیکەى (٤٠%) دانیشتتوانى جیهان دووچارى گرفتى کەم ئاوى بوونەتەوە وپێشبینى دەکرێت تا ساڵى ٢٠٥٠ بگاتە زیاتر لە (٥) ملیار کەس (زیاتر لە ٦٠% دانیشتووانى جیهان). ئەمە جگە لەوەى کە کاریگەرى ڕاستەوخۆى دەبێت لە سەر ئاسایشى خۆراک لە هەموو جیهاندا. ولە ئێستادا زیاتر لە (٣٥٠) ملیۆن کەس بەدەست بەد خۆراکییەوە دەناڵێنن، ولە گەڵ توندبوونى گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا ئەوە بێ گومان بەد خۆراکى بڵاوتر دەبێتەوە وئاسایشى خۆراک ئەکەوێتە ژێر مەترسیەکى زۆر گەورەوە.
بەداخەوە زۆربەى وڵاتانى جیهان وبە تایبەتى وڵاتە پیشەسازییەکان تا ئێستا وەکو پێویست پابەند نەبوونە بە ڕێککەوتتنامەى پاریسەوە وڕێژەى گازە گەرمکەرەوەکان لە زیادبووندایە وڕێکارەکانى کەمبوونەوەیان وەکو پێویست جێبەجێ نەکردووە. و خرابتر لەوە پابەند نەبوونیانه بەو بەڵێنانەى کە تایبەتە بە تەمویلکردن ویارمەتیدانى وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان و ئەو وڵاتانەى هەڕەشەى زۆر گەورەی گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوایان لەسەرە. هەر بۆ نموونە لە ڕێککەوتننامەى پاریس واژوویان لە سەر ئەوە کردووە کە تاوەکو ساڵى ٢٠٣٠ ساڵانە ١٠ ترلیۆن دۆلار تەرخان دەکەن بۆ بونیاتنانى پرۆژەى ژینگەیى گەورە و دروستکردنى دارستانى گەورە لە وڵاتەکانى تر بەمەبەستى خۆگونجاندن وکەمکردنەوەى ئاسەوارەکانى گوڕانى کەش و هەوا، هەر بە پێى هەممان ڕێککوتتنامە لە دواى ساڵى ٢٠٣٠ەوە ئەوە تەمویلەکە بۆ زیاتر لە ١١ ترلیۆن دۆلار زیاددەکەن تا ساڵى ٢٠٥٠. بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو بەڵێننانەیان نەبردووەتە سەر، ولە ڕاپۆرتەکە ئاماژەى پیکراوە کە یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرمى وچارەسەرنەکردنى گرفتى گۆڕانى کەش و هەوا دەگەڕێتەوە بۆ بەڵێنە بێکردارەکانى وڵاتە پیشەسازییەکان. رەنگە یەکی بپرسێ ئایا وڵاتە پیشەسازییەکان بۆ تەمویلى وڵاتانى تر بکەن، لە ڕاستیدا وڵاتە پیشەسازییەکان بە تایبەتى چین وئەمریکا بەرپرسی سەرەکین لە بەربوونەوەى پلەکانى گەرمى وگۆڕانى کەش و هەوا لە جیهاندا. وهەر بەپێى زانیارييەکان ئەو وڵاتانە بەرپرسن لە سەر زیاتر لە (٦٠%)ى پیسبوونى ژینگەو و ئەو وگۆڕانەى کەش وهەوا کە دووچارى جیهان بووەتەوە. بۆیە ئێمە قوربانى دەستى وڵاتە پیشەسازییەکانیان وقوربانى شۆڕشێکى بەدناوین وەکو شۆڕشى پیشەسازى. وئەرکى وڵاتە پیشەسازییەکانە کار لە سەر چاککردنى سیستەمى ژینگەیی بکەن ئیتر بە تەمویلکردن بێت یا بە جێبیەجێکردنى ڕێکارەکانى کەمکردنەوەى زیانەکان وئاسەوارەکانى گۆڕانى کەش وهەوا بێت.
لەلایەکى ترەوە ئێمە نابێ تەنها لۆمەى وڵاتە پیشەسازییەکان بکەین و چاوەڕوانى بەڵێن و کردارەکانیان بین بۆ چارەسەرکردن یا کەمکردنەوەى زیانەکانى کۆڕانى کەش وهەوا. بەڵکو دەبێ ئێمە خۆمان بە بەشێک لەو وێرانکارییە بزانین کە دووچارى جیهان بووەتەوە. هەر بۆ نموونە لە ساڵى ٢٠١٨ عیراق بە فەرمى واژووى لە سەر ڕێککەوتتنامەى پاریس کرد وبەڵێنیدا بە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکانى نیوخۆى عیراق بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکارێکى نەگرتووتەبەر بۆ چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان، وبەڵگە ئەوەیە کە شارى بەغداى پایتەخت یەکێکە لە پیسترین شارەکانى جیهان لە ڕووى ژینگەییەوە و گەشتووەتە ئەو ئاستەى کە ڕێژەى گازى دووەم ئۆکسیدى گۆگرد (٣٣٠) ملگم/کگم تیپەڕاندووە لە کاتیکدا نابێ زیاتر بێت لە تەنها (٢٠) ملگم/کگم. ئەمە جگە لە گازەکانى تر وجگە لەو ژمارە بێ شومارەى ئۆتۆمبیلەکان وبەکارنەهێنانى فلتەر لە کارگەکان وپەیڕەونەکردنى سیستەمى ئاودێرى مۆدێرن.. وهتد.
کوردستانیش بەهەممان شێوە، ساڵانە نوێنەرەکانى هەرێمى کوردستان لە دەستەى پاراستن وچاککردنى ژینگەو و ئەو خەڵکەى بەناو شارەزا وپسپۆرەوە لە کۆپەکانى تایبەت بە ژینگەو گۆڕانى کەش وهەوا ئامادە دەبن وچارەسەر بۆ دۆخى ژینگە دەخەنەڕوو وڕەنگە ئامۆژگارى جیهانیش بکەن!!، کەچى تا ئێستا لە بوارى ژینگە کارێکى ئەوتۆ نەکراوە کە جێى دلخۆشى بێت بۆ خۆمان بۆ عیراق بەگشتى. هەرێمێکى بچووکى خاوەن (٥) ملیۆن کەس لە دانیشتووان، بە دەست پیسبوونى ژینگەو گۆڕانى کەش و هەواوە دەناڵێنێت بێ ئەوەى هیچ ڕێکارێکى زانستى بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردن یا بەلانى کەم کەمکردنەوەى زیانەکانى. هەرێمێکى بچووک خاوەن (٢,٥) ملیۆن ئۆتۆمبێلە!!، واتا هەر (٢) کەس وئۆتۆمبیلێکى بەردەکەوێت، ئەمەش لە هەموو جیهاندا وێنەى نییە. جگە لەوەش خاوەن زیاتر لە (٧) هەزار و (٣٥٠) مولیدەى کارەبایین کە ڕۆژانە بە تێکڕاى (١٥) کاتژمێر کار دەکەن وبەبەردەوامى گازە گەرمگەرەوە و زیانبەخشەکان لە بەرگى هەواوى بڵاودەکەنەوە. وزیاتر لە (١٨٧) پالاوگەى نایاسایی هەیە کە خراپترین جۆرى سوتەمەنى بەرهەمدەهێنن، ولەوە خراپتر بە هیچ شێوەیەک پابەندى ڕینماییەکانى پاراستنى ژینگە نین لە کارەکانیان وهیچ سانسۆرێکیان لەسەر نییە وهیچ لایەنێک وەکو پیویست بەدواداچوونى بۆ ئیش وکارەکانیان نەکردووە. هەر بۆیە باسکردن لە چارەسەرکردنى گرفتە ژینگەییەکان وگۆڕانکارییەکانى کەش وهەواو لە لایەن حکومەتى عیراق وحکومەتى هەرێمەوە عەیبەیەکى زۆر گەورەیە و باشتر وایە چیدى باسى نەکەن چونکە باسکردنى کیشەیەک بێ چارەسەرکردنى هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێ.
وئێمە زیاتر دەبێ گرنگى بەڕاپۆرتى لەم شێوەیە بدەین وپابەندى ڕێنماییەکان بین وکار لە سەر ڕاسپاردەکانیان بکەین، چونکە مەترسییەکانى گۆڕانى کەش وهەوا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وباکورى ئەفریقیا زیاترە بەبەراورد لە گەڵ ناوچەکانى ترى جیهان. و لە چوارچێوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست عیراق مەترسیدارترین ولاوزترین وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەى گۆڕانى کەش وهەوا و زیانەکانى، ئەمە جگە لەوەى عیراق مەترسیدارترین ناوچەیە بۆ ڕوودانى جەنگى ئاو.
تێبينيێك بنێرە: