نەوزاد ساڵەح شارەزای بواری هەڵبژاردن: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو
(0) /
ڕوانگە - دوێنێ هەینی 2024/10/18 بە بەشداری 215 هەزار کەس لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان بەڕێووە چوو، کە تیایدا بەگشتی ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە 90% تێپەڕاند کە ئەوەش ڕێژەیەکی بەرزی بەشداریکردن بوو، شارەزایەکی بواری هەڵبژاردنیش ڕایدەگەیەنێت:" دەنگدانی تایبەت هەڵبژاردنێکی نەوعی بوو، لەڕووی هونەری و ئامێرەکانەوە سەرکەوتنێکی باشیان بەدەستهێناوە، لەڕووی یاسایشەوە بەهەمانشێوە گرفتێکی ئەوتۆ ڕوینەداوە."
نەوزاد ساڵەح شارەزای بواری هەڵبژاردن بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ناتوانین خەمڵاندن بۆ دەنگدانی تایبەت بە بەراورد بە دەنگدانی گشتی بکەین، لەبەرئەوەی ڕێژەی دەنگدانی تایبەت 5% کۆی شتی سەرجەم دەنگە گشتییەکانە، دەنگدانی تایبەت بریتییە لەوکەسانەی سەربە هێزە ئەمنییەکانن کە مووچەی مسۆگەری خۆیان هەیە، بەڵام لە دەنگدانی گشتیدا ڕەنگە جیاوازی زۆربێت، لەبەرئەوەی خەڵکێک بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکات کە هیچ مووچەیەکی نەبێت و تەنها مومارەسەیەکی مافی خۆی یاخود بەجێهێنانی ئەو ئەرکەی خۆی کە هەڵبژاردنە بکات، بۆیە ناتوانین بەراوردی بکەین بە یەک، بەڵام دەتوانین لەڕووی یاسای و هونەرییەوە خەمڵاندنی بۆبکەین دەتوانین بڵێین دەنگدانی تایبەت هەڵبژاردنێکی نەوعی بوو، لەڕووی هونەری و ئامێرەکانەوە سەرکەوتنێکی باشیان بەدەستهێناوە، لەڕووی یاسایشەوە بەهەمانشێوە گرفتێکی ئەوتۆ ڕوینەداوە."
وتیشی:" بەپێی دواڕاپۆرتی کۆمیسۆن تائێستا هیچ سکاڵایەک تۆمارنەکراوە، کە ئەمە بەڵگەیە لەسەرئەوەی پرۆسەکە، پرۆسەیەکی سەرکەوتووبو."
نەوزاد ساڵەح، شارەزای بواری هەڵبژاردن، ڕونیشیکردەوە:" نایشارینەوە هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن لە دنیادا بێکەموکورتی نابێت، بەڵکو هەندێک وردەکێشەی هونەری هەبووە ڕەنگە لە هەڵبژاردنێکی وەهادا کەئەو هەموو ڕکابەریەهەیە ، بێگومان بەریەککەوتن هەر ڕوودەدات و شتێکی سروشتییە، لەبەرئەوەی هەر هەڵبژاردنێک بێگرفت و بێکێشە بەتەواوی هیچ جوڵەیەکی تێدانەبێت ئەمە مانای وایە هەڵبژاردن نەبووە تەنها نمایشێک بووە و کراوە، بۆیە زۆر ئاساییە لە هەڵبژاردنێکی وەهادا کە 215 هەزار کەس بەشداری تێداکردووە شتێکی ئەوتۆ دروست نەبووە ببێتەهۆی پەکخستنی پرۆسەکە وە ئەو وردە کێشانەش کە ڕویانداوە دەبێت بەهەند وەریبگرین و شتێکی سروشتییە."
تێبينيێك بنێرە: