بۆ عێراق بێ کارەبایە؟

(0) / / ڕاپۆرت / مستەفا کازمی


Jul 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

عێراق زیاتر لە سێ دەیە دەبێت کە تووشی قەیرانی کارەبا بووەتەوە، بە پێی هەندێک ئاماری نافەرمیش لە پاش 2003 تا ئێستا زیاتر لە 80 ملیار دۆلار لەم بوارەدا پارەی بەکار هێناوە.

ماوەیەکە شەپۆلێکی توڕەبوون بە هۆی نەبوونی کارەباوە لەم وەرزە گەرمەی هاوین عێراقی گرتووەتەوە، ئێستا قەیرانی کارەبا بووەتە سەرەکیترین قەیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەش هەوڵیداوە بە پێکهێنانی لێژنەی کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە و دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێک لە پۆستەکانیان ئاستی توڕەبوونی خەڵک دابەزێنێت.

بەڵام ئەم قەیرانە تەنیا پەیوەندی بە ئێستاوە نییە. عێراق زیاتر لە سێ دەیە دەبێت کە تووشی قەیرانی کارەبا بووەتەوە و لە پاش 2003 بە پێی ئەوەی کە لە ئامارە نافەرمییەکاندا بڵاو بووەتەوە، زیاتر لە 80 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبا پارەی بەکار هێناوە.

عێراق تا ئەم ماوەیە نزیکەی 20 هەزار مێگاوات وەبەرهێنانی کارەبای هەبووە، ڕێژەی وەبەرهێنانی کارەبای ئەم وڵاتە لە ساڵی 2003 تەنیا 5.5 مێگاوات بووە، واتە لەم دوو دەیەدا عێراق تەنیا 15 هەزار مێگاوات وەبەرهێنانی کارەبای عێراق زیادی کردووە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە ساڵی 2019 لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە توانای وەبەرهێنانی کارەبای عێراق نزیکەی 32 هەزار مێگاواتە بەڵام بە هۆی کێشەی تۆڕەکانی گواستنەوە، ناتوانێت کەڵک لەم توانایە وەربگرێت و نزیکەی لە سەدا 40 ی ئەم ڕێژەیە لە تۆڕەکانی کارەبا لە ناو دەچێت.

باسم جەمیل ئانتۆن شارەزای کاروباری ئابوری عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە پێی خەمڵاندنە داراییەکان هەر وڵاتێک بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی کارەبای هەزار مێگاوات بەرز بکاتەوە تێچوویەکی یەک ملیار دۆلاریی دەبێت، بەڵام عێراق 80 ملیار دۆلاری بەکار هێناوە و تەنیا 19 تا 20 هەزار مێگاواتی لە ڕێژەی وەبەرهێنانەکەی زیاد کردووە.

بە وتەی ناوبراو، عێراق بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا بۆ بەکارهێنانی ماڵان پێویستی بە 28 هەزار مێگاوات کارەبای زیاتر هەیە و بۆ کەرتی پیشەشازی و گەشتیاری و کشتووکاڵیش دەبێت ئەم ڕێژەیە دوو هێندە زیاتر بکات.

ئامارە نافەرمییەکان پیشاندەری بوونی 150 هەزار موەلیدەیە لە گەڕەکە جیاجیاکانی شارەکان کە زیاتر لە نیوەی کارەبای پێویستی دانیشتووانەکەی دابین دەکات و ساڵانە 8 ملیار دۆلار داهاتیشی هەیە.

بەدەر لە گەندەڵی و نەبوونی بەڕێوەبردنی شیاو، یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی کەرتی کارەبا، کەمبوونی گازی سرووشتییە لە عێراق. لە سەردەمی سەرۆکایەتی نوری مالیکی لە ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە (لە ساڵی 2006 تا 2014) چەندین وێستگەی کارەبا کرانەوە کە بە گازی سرووشتی ئیشیان دەکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق هێشتا کەڵک لە سەرچاوەکانی گازی خۆی وەرناگرێت و زیاتر بەسراوەی نەوتە.

ئەم دۆخەش وایکردووە کە نزیکەی لە سەدا 60 ی سووتەمەنی وێستگەکانی کارەبای عێراق لە ڕێگای هاوردەی گازەوە دابین بکرێت.

بەم دواییانەش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشنیاری ئەوەی بۆ عێراق کردبوو کە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا کەڵک لە سەرچاوەکانی دیکەی وەک وزەی خۆر وەربگرێت.

بە پێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، ئەگەر عێراق بتوانێت تا ساڵی 2030 نزیکەی لە سەدا 30 سەرچاوەکانی وزەی لەم ڕێگایەوە دابین بکات، دەتوانێت وێڕای باشترکردنی هەلومەرجی ژینگەیی، 9 ملیار مەتری سێجا گازی سرووشتیشی بۆ بگەڕێتەوە./.