کشانەوەی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری کۆتایی یان تەکتیکێکی کاتی؟

(0) / / ڕاپۆرت / موقتەدا سەدر


Jul 17, 2021

قەبارەی فۆنت:

بڕیارەکەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری عێراق کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.

سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە پاش ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی عێراق بە تایبەت نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و ڕووداوی ئاگرکەوتنە لە نەخۆشخانەکەی زیقار کە هەر دوو وەزیرەکەی لە لایەن ئەم ڕەوتەوە دەستنیشان کراوە، ڕایگەیاند کە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی ئۆکتۆبەری عێراق پاشگەز بووەتەوە، ئەم بڕیارەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. هەندێک دەڵێن ئەم بڕیارە هەوڵێکە بە ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردنەکان، هەندێکی دیکە بە هەوڵێک بۆ خۆدزینەوەی سەدرییەکان لە تۆمەتی گەندەڵی و ئەو لاوازییەی دەگەڕێننەوە کە لە وەزیرەکانی سەدر و کەسانی نزیک لەودا بینراوە، بە لای هەندێکی دیکەوە ئەم هەنگاوەی موقتەدا مانۆڕێکی پێشوەختەیە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی سیاسی لە ڕکابەرەکانی.

محەممەد نەعناع شرۆڤەکاری سیاسی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرجەم شرۆڤەکان سەبارەت بەو بڕیارەی سەدر دەتوانێت درووست بێت و وەک ئەگەرێک دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەوەی کە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر سەرقاڵی جیابوونەوەن و پێگەی جەماوەری ئەم ڕەوتە بەرەو دابەزین دەڕوات.

بە بۆچوونی ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە، بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی ئەم دۆخەی ئێستا و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان بەرۆکی وەزیرەکانی ڕەوتی سەدری گرتووەتەوە، سەید موقتەدا خۆی بەو ڕاستییە گەیشتووە کە دەنگە ناڕازییەکان لە دژی ڕەوتەکەی بەرز بووەتەوە، بۆ نموونە، کاتێک کە سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد بۆ وەرگرتنی ڤاکسێنی کۆرۆنا سەردانی بنکە تەندرووستییەکان بکەن، تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم ئەو کارەیان کرد و ئەمەش وا دەکات کە سەدر دابەزینی پێگەی جەماوەری ڕەوتەکەی پەردەپۆش بکات.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت کە تەنانەت سەدر لەم دۆخەدا هەواڵی کوژران یان مردنی خۆیی لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا لایەنگرانی ئەو کاردانەوەیان نەبوو کە چاوەڕوانی دەکرد.

سەید موقتەدا سەدر ڕایگەیاند کە لە پێناو ڕزگارکردنی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر بەشداری ناکات. وتیشی کە ڕەوتی سەدر پەیوەندی بەم حکومەتەی ئێستا و کابینەی داهاتووی عێراقەوە نابێت.

سەدر هەروەها داوای لە گەلی عێراق کرد کە لە بەرامبەر گەندەڵکاران، بەکرێگیراوان و ئەوانەش هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل دەدەن، بەرگری بکەن و عێراق بەوان نەفرۆشن.

سەدر هەروەها هۆشدارییدا کە نابێت عێراق تووشی چارەنووسی ئەفغانستان و سوریا و وڵاتانی دیکە بێت کە بوونەتە قوربانی سیاسەتە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

لە پاش بڕیارەکەی سەدر، کاندیدەکانی ڕەوتی سەدر پاشگەزبوونەوەی خۆیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە هێشتا نامەی فەرمی ڕەوتی سەدریان بە دەست نەگەیشتووە و ئەگەریش بگات کاریگەری نابێت لە بەر ئەوەی کە وادەی پاشگەزبوونەوە بە سەر هاتووە.

ئەیاد عەنبەر شرۆڤەکاری سیاسی عێراقیش لە سەر بڕیارەکەی سەدر ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارە نابێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر و بڕیارەکە زیاتر بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر ڕەوتی سەدرە، بە تایبەت ئەوەی کە لەم ماوەیەدا بە کێشەکانی کەرتی کارەبا و تەندرووستی تۆمەتبار کراوە، لە بەر ئەوەی کە وەزارەتەکانی کارەبا و تەندرووستی لە کۆنتڕۆڵی کەسانی سەر بە ڕەوتی سەدرە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە سەدر دەیەوێت ڕکابەرە سیاسییەکانی بخاتە دۆخی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لە گەڵ خەڵک و وا پیشان بدات کە ڕۆڵی لە حکومەت و بڕیارەکانیدا نییە.

هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپێشاندەرانی ئەم وڵاتە بووە کە بڕیارە لە 10 ی مانگی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوە بچێت./.