ئەمەی لە ناو یەکێتیدا ڕوویدا، چی بوو؟
(0) /
عارف قوربانی
له مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دا زۆر رووداو هه‌ن به ته‌مومژاویی چوونه‌ته لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ئه‌م حیزبه‌وه و ره‌نگه بۆ داهاتوویه‌كی زۆر دووریش هه‌موو راستییه‌كانیان ئاشكرا نه‌بن. وه‌ك رووداوی هه‌كاری، رووداوه‌كانی سه‌روبه‌ندی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه، تاوەکو ده‌گاته جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و دروستكردنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به‌ڵام له هه‌موویان ته‌مومژاویتر ئه‌م رووداوانه‌ی نێوان 8 بۆ 15ـی ته‌ممووز بوو كه به‌هۆیه‌وه یه‌كێك له هاوسه‌رۆكه‌كانی یه‌كێتی له‌كاركه‌وت و وه‌ك بڕیاره سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی حیزبه‌كه‌ش بگۆڕێت و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی له رابردوودا یه‌كێتی په‌یڕه‌وی كردووه.
ئایا هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی له‌نێو یه‌كێتیدا روویدا چی بوو؟ تاوەکو ئێستا ئه‌م حیزبه وه‌ك به‌یانێكی روون و راشكاو هیچی له‌وباره‌یەوه نه‌گوتووه، جگه له‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی دره‌نگوه‌ختی مه‌كته‌بی سیاسی سازكرا و به چه‌ند دێرێك له شێوه‌ی هه‌واڵ نێوەڕۆکی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به گوێی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆیان و خه‌ڵكدا دا كه گوایه رێككه‌وتوون ده‌سه‌ڵاته‌كانی هاوسه‌رۆكه‌كان بدرێته بافڵ تاڵه‌بانی تاوەکو ئه‌وكاته‌ی په‌یڕه‌وی نێوخۆ ده‌ستكاری ده‌كرێت و سیستمی هاوسه‌رۆكی نامێنێت.
جیا لەو راگه‌یێندراوه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی، چه‌ند لێدوانێكی جیاوازیش له هه‌ر سێ كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌ی یه‌كێتی و ته‌ره‌فی كێشه‌كانه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه، كه هه‌ر سێكیان پێچه‌وانه‌ی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی حیزبه‌كه‌یه. ئه‌وانیش لێدوانێكی لاهوور شێخ جه‌نگی و جەختکردنەوەی له دوو بۆنه‌ی جیاوازدا به‌وه‌ی پیلانگێڕیی عوسمانی و هێزی نێوخۆیی له‌سه‌ر یه‌كێتی هه‌یه و ئه‌وه‌ی رووده‌دات ده‌ستی توركیایه. له روونكردنه‌وه‌ی زیاتریشدا گوتی كه خه‌میس خه‌نجه‌ر هاتووەته سلێمانی و له كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی پێیگوتوون كه ئه‌ردۆغان نیگه‌رانه له سیاسه‌تی لاهوور شێخ جه‌نگی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه كه لێی قبووڵ ناكه‌ن.
له به‌رانبه‌ریشدا چه‌ند هه‌واڵێك له كوردسات، ده‌زگای میدیایی تایبه‌تی ماڵی تاڵه‌بانی بڵاوكرانه‌وه كه ئاماژه‌یان به‌وه دابوو سیخووڕ له ماڵی تاڵه‌بانی ده‌ستگیركراوه كه كاری بۆ لاهوور شێخ جه‌نگی كردووه به ئامانجی زیانگه‌یاندن به یه‌كێتی. دواتریش به‌ره‌به‌یانێك بافڵ تاڵه‌بانی چووه سه‌ر مه‌زاری مام جه‌لال و له‌وێ راگهیێندراوێكی بڵاوكرده‌وه كه ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ی له‌و په‌یامه‌دا هاتبوون جێگه‌ی سه‌رنج بوون. ده‌زگا ئه‌منی و حیزبییه‌كان چه‌ند ساڵێك بوو خرابوونه خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێك كه‌سه‌وه و بۆ ته‌سفیاتی حیزبی به‌كارده‌هێندران و دژی به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان ده‌جووڵانه‌وه، دهستخرابووه بیناقاقای كار و كاسبیی كاسبكاران و سه‌رمایه‌داران، قاچاخچێتی، سه‌رانه وه‌رگرتن، هه‌ڕه‌شه و سیخووڕیكردن كرا به به‌رنامه.
قوباد تاڵه‌بانیش له چه‌ند بۆنه‌یه‌كی جیاوازدا وه‌ك له ده‌ستبه‌كاربوونی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی ده‌زگای زانیاری و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داران ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه چیتر هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نییه ده‌ستوه‌ردان بكات له كاروباری بازرگانی، ئه‌ركی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان دابینكردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانه. ئه‌مه‌ش وه‌ك جەختکردنەوەیەک كه پێشووتر ئه‌و ده‌زگایانه خراپ بهكاربرابوون.
ئه‌م لێدوانه فه‌رمییانه كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی یەکدی وێنایه‌كی روونیان نه‌دایه خه‌ڵك تاوەکو بزاندرێت ئه‌وه‌ی روویدا چی بوو، به‌ڵام له په‌یج و ماڵپه‌ڕه وابه‌سته و سێبهرهكانیاندا شتی دیکەیان گوت، بۆ نموونه باس له هه‌وڵی تیرۆركردنی بافڵ تاڵه‌بانی كرا له رێگه‌ی ژه‌هرخواردنه‌وه، قسه و باسی بردنی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ رووسیا بۆ پشكنین كه بزانرێت ئه‌ویش ژه‌هرخوارد كراوه یان نا، هه‌روه‌ها باسی ژه‌هرخواردكردنی پێشووتری كۆسره‌ت ره‌سووڵیش هاته نێو باسانه‌وه.
دەزگا میدیاییه‌كانی نزیك ماڵی مام جه‌لال باسیان له خراپ به‌كاربردنی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرد له‌لایه‌ن لاهوور و براكانییه‌وه بۆ وه‌رگرتنی سه‌رانه و كاری قاچاخچییه‌تی و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خه‌ڵك. ئه‌وه‌ی وه‌ك ئیجرائات له ئه‌نجامی ئه‌م رووداوه هاته ئاراوه هه‌ردوو به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری و دژه‌تیرۆر كه هه‌ردووكیان تاڵه‌بانی و نزیكی لاهوور شێخ جه‌نگی بوون له كاره‌كانیان لابران، ده‌ستگیرا به‌سه‌ر هه‌ندێك په‌یج و ماڵپه‌ڕ و كه‌ناڵی میدیایی سه‌ر به لاهوور شێخ جه‌نگیدا، هه‌ندێ له‌و كۆمپانیا بازرگانییانه‌ی سه‌ر به ئەو بوون ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا. لێره‌شدا ئه‌گه‌ری ئه‌وه ده‌كرێت كێشه و گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی به‌دوای خۆیدا بهێنێت، به‌تایبه‌ت كه به‌شێك له‌و په‌یج و ماڵپەڕانە به درێژایی ساڵانی رابردوو تیرۆری كه‌سایه‌تیی چه‌ندین خێزان و بنه‌ماڵه و كه‌سایه‌تیان كردووه، ئه‌گه‌ر پێشتر خاوه‌ندارێتیان یاخود ئه‌وانه‌ی له پشته‌وه‌ی ئه‌و په‌یج و ماڵپهڕانهبوون و نه‌ناسراو بوون، ئێستا بۆ خه‌ڵك ده‌ركه‌وت كێ بوون به‌ڕێوه‌یان بردوون.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئه‌وه‌یه ئه‌م رووداوه هه‌ر ناوێكی لێده‌نرێت ئه‌وه‌ی باش بوو خوێنی تێدا نه‌ڕژا، چی له كاتی ته‌قینه‌وه‌ی كێشه‌كان و چی له رابردووش‌دا، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌و دوو سیناریۆیه‌ی باس ده‌كرێن راستبن، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌بوو كوردستان به‌رێته قۆناخێكی مه‌ترسیداری شه‌ڕی نێوخۆوە. ئه‌گه‌ر ئه‌وه راستبێت كه لاهوور ده‌یڵێت، گوایە ده‌ستی توركیا و پارتییه و ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی بۆ ناردووه، ئه‌گه‌ر لاهوور بكوژرایا بێگومان هه‌موو سه‌رنجه‌كان ده‌چوونه سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌ی له پارتی و به‌وهۆیه‌وه ئاگری فیتنه‌یه‌كی گه‌وره له كوردستان ده‌كه‌وته‌وه كه چاره‌سه‌ربوونی ده‌بووه مه‌حاڵ. ئه‌گه‌ر سیناریۆكه‌ی دیکەش راست بێت و هه‌وڵی كوشتنی بافڵ تاڵه‌بانی درابێت له رێگه‌ی ژههرخواردنییهوه و لاهوور شێخ جه‌نگی له پشتی ئه‌وه بووبێت، بێگومان ئه‌گه‌ر سه‌ری بگرتایە راسته‌وخۆ ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خرایه سه‌ر پارتی و چه‌ند كه‌سێكیان ده‌هێنایه سه‌ر شاشه‌ی تهلەڤزیۆنهكان بڵێن بۆ پارتی كردوومانه، به‌مه‌ش بۆ ته‌مه‌نی چه‌ندین نه‌وه‌ی دیکە شه‌ڕی جه‌لالی و مه‌لایی ده‌گوازرایه‌وه. كه‌واتە كوردستان له‌وه‌دا شانسی هه‌بوو هه‌ركام له‌م سیناریۆیانه راستبن پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه كۆتایی ئاشكرابوون و خودا كوردستانی له به‌ڵای گه‌وره پاراستووه.
ره‌نگه ئێستا پرسیاری هه‌ره سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بێت داهاتووی ئه‌م كێشه‌یه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟ بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌ی به راگه‌یاندنی فه‌رمیی یه‌كێتیی یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه كام له‌و دوو سیناریۆیه راستن، ده‌بێت گریمانهكردنیش له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ردوو سیناریۆكه بكه‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان راست بێت كه توركیا هه‌وڵی كوشتنی لاهوور شێخ جەنگی داوه و ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت وه‌ك گریمانه‌یه‌كی لاواز هه‌ندێك ده‌ڵێن سیناریۆیه‌كه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی لاهوور له مه‌ترسیی توركیا، كه‌واتە لانیكه‌م تاوەکو ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر حوكم بێت، ده‌بێت لاهوور له گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان نه‌مێنێت. سرووشتی سیاسه‌ت و ململانێش وایه كه‌سێك له گۆڕه‌پان خرایه ده‌ره‌وه به ئاسته‌م ده‌توانێ بێته‌وه جێگه‌ی خۆی. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی دیکەیان راست بێت كه ده‌گوترێت لاهوور جه‌نگی هه‌وڵی تیرۆركردنی بافڵی دابێت و پلانه‌كه‌ی ئاشكرا بووه، له‌و دۆخەشدا هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوو ئامۆزایهدا نامێنێته‌وه بۆ پێكهوەكاركردن و ده‌بێت لایه‌نی شكستخواردوو گۆڕه‌پانه‌كه چۆڵ بكات. له‌کاتی راستیی ئه‌مه‌یاندا بۆ له‌مه‌ودوا ماڵی مام جه‌لال تاكه مه‌ترسییه‌ك هه‌یانبێت له‌به‌رده‌م ههژموونیاندا به‌سه‌ر حیزبه‌كه‌وه، ماڵی شێخ جه‌نگی ده‌بن، بۆیه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌بێت دڵنیایی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌و مه‌ترسییه سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ش ره‌نگه ته‌نیا ئه‌وه به‌س نه‌بێت كه له پۆست و ده‌سه‌ڵات دابماڵدرێن له‌نێو یه‌كێتی یان ته‌نانه‌ت له كوردستانیش دووریان بخه‌نه‌وه، چونكه ئه‌گه‌ری قۆستنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵك و كۆكردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی ناڕه‌زایی و نه‌یاره‌كانی ماڵی تاڵه‌بانی ده‌بنه هێزێكی كاریگه‌ر وه‌ك مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر داهاتووی بافڵ و قوباد تاڵەبانی. بۆیه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ماڵی تاڵه‌بانی هه‌ندێك له‌و كه‌یسانه وه‌ك كه‌یسێكی یاسایی به هه‌ڵواسراوی بهێڵنه‌وه تاوەکو له هه‌ركاتێكدا هه‌ستیان به جووڵه‌یه‌كی لاهوور و براكانی كرد، له دژیان به‌كاریان ببەن.
له‌م هاوكێشه‌یه‌دا پێناچێت پارتی دیموكراتی كوردستانیش هه‌ر وه‌كو بینه‌رێك له دووره‌وه ته‌ماشا بكات، به‌دوور نازانرێت له ئێستا به‌دواوه پارتیش كه‌یسی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر بكاته كه‌یسێكی یاسایی و ئه‌وه‌ی پێویست بێت له په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه رێكاره‌كانی بۆ بگرێته‌به‌ر.
كه‌واتە لێره‌دا سه‌رباری ئه‌وه‌ی راستییه‌كه روون نییه كام له‌و سیناریۆیانه دروستترن له پشتی رووداوه‌كانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت به راستی، ئاوابوونی خۆری سیاسیی لاهوور شێخ جه‌نگییه و له داهاتوودا ته‌نیا وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌ك بۆ هه‌ندێك تاڵ و بۆ هه‌ندێك شیرین ده‌مێنێته‌وه./.
تێبينيێك بنێرە: