ئایا داعش دەگەڕێتەوە؟
(0) /
عارف قوربانی
له سه‌روبه‌ندی هاتنی داعش بۆ عێراق و تا ماوه‌یه‌كی دواتریش زۆر جار گوێمان له قسه‌یه‌كی کاک مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان ده‌بوو كه لۆمه‌ی نووری مالیكی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقی ده‌كرد به‌وه‌ی کە دەیگوت "پێش چه‌ند مانگێك له هاتنی داعش من زانیاری ئه‌و مه‌ترسییه‌م پێیداوه، به‌ڵام نووری مالیكی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق مه‌ترسییه‌كه‌ی به بایه‌خه‌وه وه‌رنه‌گرتووه".
ئه‌شێ بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رج و رۆژگارانه كه كێشه و ناكۆكییه‌كی قووڵ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدایا هه‌بوو، نووری مالیكی متمانه‌ی به زانیارییه‌كانی بارزانی نه‌بووبێت، یان له باوه‌ڕبوون به ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی عێراقه‌وه، پشت ئه‌ستور بووبێت به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیارییانه دروستیش بن، بایی ئه‌وه نین هه‌ڕه‌شه بخه‌نه‌سه‌ر عێراق كه سوپاكه‌ی به پێشكه‌وتووترین جۆره‌كانی چه‌كی ئه‌مریكی ته‌یار كرابوون.
بارزانی ده‌یویست بڵێت، غرووری مالیكی به پله‌ی یه‌كه‌م بووه هۆكاری ئه‌و رووداوانه‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌یان گیرۆده‌ی كێشه‌گه‌لێكی زۆر كرده‌وه.
ئێستا ناوه‌ندی زۆر گرنگتر له ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی كوردستان، سه‌ركرده‌یی كاریگه‌رتر و وڵاتانی زلهێز، ئه‌و قسه‌یه به گوێی كورد خۆیدا ده‌ده‌نه‌وه كه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كه ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه. ئایا كوردیش هاوشێوه‌ی مالیکی بایه‌خ بۆ ئه‌و ئاگاداركردنه‌وانه دانانێن تا سه‌ری نه‌ته‌قێ به‌سه‌ری داعشدا؟ یان وه‌ك پلانی پێشوه‌خته خۆی بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده ده‌كات؟ به‌تایبه‌ت كاتێك زانیارییه‌كان له‌سه‌ر زاری سه‌ركرده‌ی وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا، رووسیا و ئه‌ڵمانیاوه باس بكرێن، ناكرێت پشتگوێ بخرێن.
جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كاتێك رووبه‌ڕووی ره‌خنه و نیگه‌رانییه‌كی زۆر كرایەوە له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی له ئه‌فغانستان و هه‌موو جیهان چاوی سه‌رنجی بڕیوه‌ته ئه‌وه‌ی به كشانه‌وه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا، تاڵیبان چی كاره‌ساتێكی مرۆیی ده‌خووڵقێنێت، بایدن پێمان ده‌ڵێت، تاڵیبان مه‌ترسی نییه، ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشه له عێراق و سووریا. به‌دوای ئه‌وه‌یشدا له دیداری لووتكه‌ی نێوان ئه‌ڵمانیا و رووسیا، جەخت له‌سه‌ر هه‌مان هه‌ڕه‌شه کرایەوە.
داعش له قۆناخی پێش هاتنی بۆ عێراق و ده‌ستگرتنی به‌سه‌ر چه‌ندین كۆگای پڕ له چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی، هێزێكی ناڕێكخراو و كه‌متوانا بوو له‌ڕووی پێداویستی چه‌ك و كه‌ره‌سه‌ی سه‌ربازییه‌وه، گرته ڤدیۆییه‌كانی رۆژانی هاتنیان و گرتنی موسڵ هێشتا له‌پێش چاومانن، به‌ڵام دوای گرتنی ناوچه سوننییه‌كان و هه‌ڵهاتنی سوپای عێراق و جێهێشتنی هه‌موو ئه‌و كه‌لوپه‌ل و چه‌ك و جبه‌خانه سه‌ربازییانه‌ی عێراق كه له باشترین و پێشكه‌وتووترین جۆره‌كانی چه‌كی ئه‌مریكی بوون كه‌وتنه ده‌ستی داعش، دواتریش له هاتنی هاوپه‌یمانان و هێنانی چه‌كی جۆراوجۆری وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تی، له رێگه‌ی بازرگانانی خوێنه‌وه له‌نێو هێزه كوردی و عێراقییه‌كان چه‌كی زیاتریان پێفرۆشرا و بوونه خاوه‌ن هه‌مان ئه‌و جۆره چه‌كانه‌ی له ده‌ستی سوپای هاوپه‌یمانه‌كاندا هه‌بوون. ئه‌زموونی جه‌نگی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش كردوونی به هێزێكی به ئه‌زموونتر. بۆیه له ئه‌گه‌ری دروستبوونی هه‌ر هه‌لومه‌رجێكدا بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان، داعشی ئه‌مجاره به‌هێزتر، پڕچه‌كتر و راهێنراوتره له‌و گرووپانه‌ی له 2014 هاتن.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی جوگرافیایه‌كی دیاریكراو له ده‌ستی داعشدا نه‌ماوه، ده‌وڵه‌ت و خه‌لافه‌ته‌كه‌یان رووخێندران و به‌شێكی زۆر له چه‌كداره‌كانیان كوژراون، به‌ڵام هه‌ر به‌پێی ئامار و داتای ده‌زگا هه‌واڵگرییه جێ باوه‌ڕ و جێی متمانه‌كانی وڵاتانی دونیا، هێشتا ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش وه‌ك گرووپ له ناوچه جیاوازه‌كانی وڵاته جیاجیاكاندا ماونه‌ته‌وه به هه‌زاران كه‌س ده‌خه‌مڵێندرێن، زۆر زیاترن له‌و ژمارانه‌ی له پێش هاتنیان بۆ عێراق هه‌یانبوو. كه‌واتا پێویسته ئه‌وه له‌به‌رچاو بگیرێت ئه‌و داعشه‌ی له داهاتوودا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه له‌و داعشه‌ی پێشووتر به‌هێزتره.
له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا و وه‌ك پێشهاتێكی چاوه‌ڕوانكراو ئه‌گه‌ر داعش ده‌ركه‌وتنه‌وه، كورد چی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌شه‌ڕێكی مه‌ترسیداری له‌و جۆره بپارێزێت؟ به‌تایبه‌تی كه ئه‌وه‌ش سه‌لمێندراوه وڵاته هه‌رێمایه‌تی و ناوه‌نده هه‌واڵگرییه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان ده‌ستیان له‌نێو سه‌ری داعشدایه و ده‌توانن زۆر به ئاسانی ئاراسته‌یان بكه‌ن؟ ئایا كورد هیچ بیری له‌وه كردووەته‌وه به كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا چاره‌نووسی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی چی لێدێت، وڵاتانی دیکە تاوەکو چه‌ند ئاماده‌ن به بێ ئه‌مریكا له ناوچه‌كه بمێننه‌وه؟ دۆسته‌كانی كورد كه چه‌ندین ساڵه گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر كوردستان بۆ یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه و پارتی و یه‌كێتی به‌گوێیان ناكه‌ن، هه‌ڵوێستیان چۆن ده‌بێت و تاكه‌ی ئاماده‌ن چه‌ك بده‌ن به هێزی سه‌ر به حیزبه‌كان.
له ئه‌گه‌ری هاتنه‌وه‌ی داعشدا و ئاراسته‌كردنیان رووه و كوردستان، كه هه‌لومه‌رجی هه‌رێمایه‌تی له‌باره بۆ گه‌له‌كۆمه‌كێیه‌كی له‌و جۆره، كوردستان چۆن خۆی ده‌پارێزێت؟ ئه‌و نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی هاووڵاتیانی كوردستان له شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و نادادی و رۆژ له‌دوای رۆژ قورستركردنی باری ژیان، دۆخی ده‌روونیی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره‌و كوێ ده‌بات و تا كوێ ئاماده‌یی تیایه پشتیوانی له مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان بكات؟ چه‌ن كه‌ڵك له هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی چوار ساڵی پێشووتری شه‌ڕی داعش وه‌رگیراوه؟ توانای سه‌ربازی و عه‌قیده‌ی سه‌ربازی كورد له چی ئاستێكدایه؟ فره ناوه‌ندیی بڕیار له‌ناو هێزی چه‌كداری كوردستان، رێگه‌چاره‌ی دروستی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، ئه‌م چه‌ند مانگ و ساڵه‌ی له پێشمانن كورد چی ده‌كات بۆ یه‌كخستنی توانا‌و ئیراده‌ی سه‌ربازیی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك بكه‌وێته سه‌ر كوردستان؟
هێشتا كات و ده‌رفه‌ت ماوه بۆ ئه‌وه‌ی كورد بیر له رێگه‌چاره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسییه‌ك بكاته‌وه كه له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشدا روو له كوردستان بكات، به‌ڵام پێویستی به یه‌ك هه‌ڵوێستی كورد و یه‌كخستنی ئامانجی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتیی سه‌ركرده‌كان هه‌یه، ئایا ئه‌مانه ده‌سته‌به‌ر ده‌بن؟ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی سیاسییه‌كانی كورد وه‌ڵامی پێشوه‌خته‌مان ده‌ده‌نه‌وه، به‌ر له‌وه‌ی داعش بێته‌وه./.
تێبينيێك بنێرە: