تەکتیکەکەی سەدر، پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە!

(0) / / ڕاپۆرت / موقتەدا سەدر


Aug 01, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە بڕیارە لە 10 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 بەڕێوە بچێت تا ئێستا دوو هەڵوێستی جیا و دژ بە یەک لە سەرۆکی ڕەوتی سەدر بینراوە. سەید موقتەدا سەدر پێشتر ڕایگەیاند کە دەتوانێت زیاتر لە 100 کورسی پەرلەمان بە دەست بێنێت و سەرۆک وەزیرانیش دەستنیشان دەکات بەڵام دواتر لە ناکاو ڕایگەیاند کە ڕەوتەکەی بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق ناکات. هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیاری لەو شێوەیە هیچ کاریگەرییەکی لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا نابێت و ڕەوتی سەدر و هیچ لایەنێکی دیکە بە هۆی تەواوبوونی وادەی کشانەوە، ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن، بەڵام چەند شارەزایەکی سیاسی وەک چۆن لە ڕاپۆرتی پێشووی ڕوانگەشدا هاتووە، ڕایانگەیاند کە ڕەنگە ئەم بڕیارەی سەدر وەک تەکتیکێکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان بێت.

زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەم وڵاتە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە بچێت. چەند لایەنێکی وەک ڕەوتی سەدر، حیزبی شیوعی و هاوپەیمانی مینبەری عێراقی پرۆسەکەیان بایکۆت کردووە. لێرەدا باسی سەدرییەکان دەکەین کە چارەنووسی سەدر و ڕەوتەکەی بە کوێ دەگات؟

ئەمەش پرسیارێکە کە زۆربەی چاودێرانی سیاسی و حیزبەکانی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە. نەیارانی سەدر و لایەنەکانی دیکە داوایان لە موقتەدا کردووە کە بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە.

وەک ئاماژە درا، سەدر پێشتر بەدەستهێنانی 100 کورسی و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراقی وەک ستراتیژی ڕەوتەکەی ڕاگەیاندبوو. بەشێک لە شارەزایانی کاروباری سیاسی عێراق بەدیهاتنی ئەو ئامانجەکان بە دوور دەزانی.

چەندین هەفتە پێش ئەوەی کە سەدر بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بدات، ئاماژەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئامانجەکەی سەدر ئەستەمە ببێتە ڕاستی. بۆ نموونە، ئەو خۆپێشاندانەی کە لە سەر ڕەوشی خزمەتگوزارییەکان لە عێراق بەڕێوەچوو و درووشمی دژ بە سەدرییەکانی تێدا بەرز کرایەوە. ئەمەش پیشانیدەدا کە پەیوەندی سەدر و چالاکوانانی خۆپێشاندانەکان بە تەواوی پچڕاوە و ئەو ناتوانێت لە سەر حسێبی خۆپێشاندەرانی ناڕازی پێ بنێتە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکانەوە.

سەرەڕای ئەمەش حکومەت و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆی بەڕێوە دەچێت و بەردەوام ئەو پەیامانەش ئاراستەی سەدر دەکرێت کە بانگهێشتی پرۆسەکەی دەکەنەوە.

یەکێک لە سەرکردەی هاوپەیمانی شێعەکان جەختیکردووەتەوە کە بڕوای بەوە نییە سەدر واز لە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بێنێت و ڕکابەرەکانی حکومەتی نوێی عێراق پێک بێنن.

کەسانی نزیک لە سەدریش نازانن کە چی لە مێشکی سەرکردەکەیاندا دەگوزەرێت. لەوەش نیگەرانن کە گۆڕینی هەڵوێستەکەی زیان بە پێگە جەماوەرییەکەی بگەێنێت. سەدر کەسایەتییەکی سیاسی عێراقە کە بەردەوام بە گۆڕینی هەڵوێستەکانی ناسراوە و پێشبینی ناکرێت کە پلان و پرۆژەی بۆ پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە چۆن دەبێت.

بە بۆچوونی شارەزایان، سەدر چاوەڕوانی ڕووداوێکی سیاسی یان جەماوەری دەکات تا هاوکێشەکە بگۆڕدرێت و دیسانەوە بۆ گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکان بگەڕێتەوە، بە تایبەت ئەوەی کە لایەنە شێعەکان لە هیچ حاڵەتێکدا نایانەوێت زۆرینەی پەرلەمانی لە دەست بدەن.

بەڵام سەدر چالاکوانانی خۆپێشاندانەکان بە سەرەکیترینی نەیارانی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا دەزانێت.

عەسام حوسێن ئەندامی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە کە موقتەدا لە داهاتوویەکی نزیکدا هەڵوێستێکی جیاوازی دەبێت و دەرفەتی گەڕانەوەی ئەوانەی پێشوو بۆ دەسەڵات نادات. ڕەنگە ئەمەش ئاماژەیەک بۆ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بێت.

ناوبراو وتی کە بڕیارەکەی سەدر بۆ پاشگەزبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کردەوەی ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە کە هەوڵیان دەدا دۆسیەی ئاگرکەوتنەوە لە نەخۆشخانەکانی عێراق ڕوبەڕوی ڕەوتی سەدر بکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە و بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ڕەوتی سەدرەوە دزەی کردووەتەوە دەرەوە، چەند سەرکردەیەکی ڕەوتەکە سەرقاڵی دانوستانن لە گەڵ ئەو لایەنانەی کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە تا پێکەوە هاوپەیمانییەکی نوێ پێک بێنن. ئەگەرچی لایەنە سیاسییەکانی سەر بە خۆپێشاندەران هیچ کات ئامادەی ئەو هاوپەیمانییە نابن.

گومان لەوەدا نییە کە سەدر دەرفەتێکی ئەوتۆی لە بەردەمدا نەماوە تا پاساوێک بۆ هەڵگەڕانەوەی دووبارەی لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان بهێنێتەوە و نەیارەکانی زیاترین سوود لەمە دەبینن، بە تایبەت ئەوەی کە مستەفا کازمی هیچ نەرمییەک بۆ دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان پیشان نادات./.