هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سلێمانی و دهۆک: ژمارەی کاندیدەکان سێ هێندەی ژمارەی کورسییەکانە
(0) /
لە سلێمانی 63 کاندید بۆ گەیشتن بە 18 کورسی پەرلەمانی عێراق کێبڕکێ دەکەن و ئەو ژمارەش لە دهۆک 30 کاندید لە بەرامبەر 11 کورسییە.
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری عێراق، لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک گۆڕانکارییان لە ناوی کاندیدەکانی خۆیان کردووە، ئەوان دەرفەتی دووبارە کاندیدبوونەوەیان بە نوێنەرانی ئێستای خۆیان لە پەرلەمانی عێراق نەداوە.
لەم دوو پارێزگایەی هەرێمی کوردستان 93 کاندید لە 8 بازنەی هەڵبژاردنەکان کێبڕکێ دەکەم. کۆی گشتی کورسییەکانی سلێمانی و دهۆک 29 کورسییە، لە گەڵ یەک کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە 6 کەس لە سەری کێبڕکێ دەکەن.
سلێمانی
کەشی سلێمانی تا ڕادەیەک ئارامە، 63 کاندید بۆ گەیشتن بە 18 کورسی پەرلەمانی نوێی عێراق کێبڕکێ دەکەن، واتە کەمتر لە 4 کاندید بۆ هەر کورسییەک.
لە پارێزگای سلێمانی کە بە سەر 5 بازنەدا دابەش بووە، یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
بازنەی یەکەم شاری سلێمانییە، 4 کورسی هەیە و 12 کەس بۆی کاندید کراون. لە بازنەی دووەمیش کە 3 کورسیی هەیە 15 کەس کاندیدن، بازنەی سێهەم هەڵەبجە لە خۆ دەگرێت و 3 کورسی هەیە کە 7 کەس خۆیان بۆی کاندید کردووە، بازنەی چوارەمیش 4 کورسی و 14 کاندیدی هەیە، بازنەی پێنجەمیش لە پارێزگای سلێمانی 4 کورسی هەیە و 15 کەس بۆ ئەو مەبەستە خۆیان کاندید کردووە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم پارێزگایە بە حزبی یەکەم دادەنرێت کە لە ساڵی 2018 زیاترین دەنگی هەبووە، واتە 260 هەزار دەنگ. ئەم حزبە لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانی کوردستانیی ڕاگەیاندووە و سەرجەم 8 نوێنەرەکەی ئێستای سلێمانیی لە پەرلەمانی عێراق نەهێناوەتە لیستی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ.
گۆڕانیش سێ لە نوێنەرەکانی ئێستای گۆڕیوە و چوارەمیش وەک کەسێکی سەربەخۆ کاندید بووە.
دهۆک
لە دهۆک 778 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 70 هەزار لەوان ئاوارەکانن.
ئەم پارێزگایە بە سەر سێ بازنەی هەڵبژاردنەکاندا دابەش بووە کە یەکەم 4 کورسی و 15 کاندید، دووەم 3 کورسی و 8 کاندید و سێهەمیش 4 کورسی و 7 کاندیدی هەیە، یەک کورسیش بۆ مەسیحییەکانە. بەم پێیەش لە پارێزگای دهۆک 30 کاندید لە سەر 11 کورسی کێبڕکێ دەکەن.
لە دهۆک پارتی دیمۆکراتی کوردستان باڵادەستە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 بە 350 هەزار دەنگەوە پلەی یەکەم بووە.
ئەم حزبەش سەرجەم نوێنەرەکانی ئێستای لە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەکانی 2021 کاندید نەکردووەتەوە، بەدەر لە ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
6 کاندیدیش لە سەر یەک کورسی مەسیحییەکان کێبڕکێ دەکەن، ئەو کەسەش کە لە ئێستادا کورسییەکەی هەیە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بۆ کەرکوک گواستراوەتەوە./.
تێبينيێك بنێرە: