حەلبوسی لە چی دەگەڕێت؟ ئایا بە هاوکاری وڵاتانی عەرەبی دەگاتە کۆشکی سەلام؟

(0) / / ڕاپۆرت / محەممەد حەلبوسی


Sep 19, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە لە خولی داهاتوودا پۆستی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە دەبێت بدرێتە پێکهاتەی عەرەب نەک کوردەکان.

محەممەد حەلبوسی سەرۆک کۆماری عێراق لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە دوو سەردانی گرنگی بۆ دەرەوە هەبوو کە بە پێی ئامانجەکانی ئەو سەردانانە، بە لای هەندێک لە شارەزایانەوە وەک هەوڵێکی ناوبراوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەو وڵاتانە لە پێناو دووبارە سەرۆکایەتیی لە پەرلەمانی عێراق یان تەنانەت سەرۆکایەتی کۆماری ئەم وڵاتە.

حەلبوسی ڕۆژی هەینی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ قاهیرە هێنا. ناوبراو لە سەردانەکەی بۆ میسر لە گەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە و هەروەها ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی کۆبووە.

ناوبراو هەروەها لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە سەردانێکدا بۆ ئەردەن لە گەڵ شای ئەردەن و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەش کۆبووە.

حەلبوسی پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا جەختیکردبووە کە دەبێت لە خولی داهاتوودا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بدرێتە پێکهاتەی سوننە نەک کوردەکان. ڕاشیگەیاندبوو کە مافی ئەو پێکهاتەی سەرۆکایەتی کۆماری بە دەستەوە بێت باشتر دابین دەکرێت.

حەلبوسی هەروەها ڕایگەیاندبوو کە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دەبێتە هۆی ئەوەی کە بوونی پەیوەندی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە ئاسانتر بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە مانگی ئاداری ڕابردوو تا ئێستا پەرلەمانی عێراق یان لە پشوودا بووە و یان کۆبوونەوەکانی زۆر کەم بووە. چاودێران و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان هۆکاری ئەم دۆخەش بۆ سەرقاڵبوونی ئەندامانی پەرلەمان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانەوە دەگەڕێننەوە.

لە لایەکی دیکەوە، حەلبوسی کێشەیەکی دیکەشی هەیە بە ناوی ڕکابەرێکی سیاسی وەک خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، کە لە ناوچە سوننەنشینەکاندا بە توندی کێبڕکێ لە گەڵ ناوبراودا دەکات.

سەرەڕای ئەوەی کە حەلبوسی بە پاڵپشتی تەواوی خەمیس خەنجەر گەیشتە سەرۆکایەتی پەرلەمان، دواتر پەیوەندییەکانی ئەوان ڕووی لە ئاڵۆزی کرد و خەمیس کە کەسێکی دەوڵەمەند و خاوەن پەیوەندییەکی بەهێزە لە گەڵ تورکیا و قەتەر، هەوڵێکی زۆریدا کە ناوبراو لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان دوور بخاتەوە کە هەوڵەکەی ئەنجامێکی نەبوو.

هاشم جبوری شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لە سەر ئەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە جموجوڵەکانی حەلبوسی ڕەنگ و بۆنی هەڵبژاردنەکانی پێوە دەبینرێت و هەوڵ دەدات کە پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بە دەست بێنێت.

بە وتەی ناوبراو، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە ئاساییە کە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە گەڵ سەرکردەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە لە پەیوەندیدا بێت بەڵام دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکرێت تا بزانرێت چی لە مێشکیدا دەگوزەرێت و ئایا لە ڕاستیدا دەیەوێت بگاتە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار یان نە، لە بەر ئەوەی کە بوونی حەلبوسی وەک سەرۆک کۆمار پێویستی بە پاڵپشتی دەرەکی بە تایبەت لای وڵاتانی ناوچەکەوە هەیە.

ئەم شرۆڤەکارە دەڵێت کە لە چەندین مانگی ڕابردوو پرسی ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان لە نێوان کورد و سوننە هاتووەتە پێشەوە و بە دڵنیاییەوە کە لە پاش هەڵبژاردنەکاندا بە جیدی قسەی لە سەر دەکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، جامس غەرابی شارەزا لە کاروباری سیاسی عێراق ڕایگەیاندووە کە حەلبوسی زیاتر لەوەی بیر لە سەرۆکایەتی کۆمار بکاتەوە، هەوڵی مانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەماندا دەدات.

ناوبراو پێی وایە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەنگێکی باڵای دەوێت و ئەم جارە حەلبوسی پاڵپشتی هاوپەیمانی فەتحی وەک جاری پێشوو لە گەڵ نییە و ئەگەرێکی لاوازە دیسانەوە دەستی بە پۆستەکەی ئێستای بگات.

ڕاشیگەیاندووە کە بەرەی وڵاتانی قەتەر – تورکیا لە بەرامبەر سعوودیە – ئیمارات – ئەردەن و میسر کاریگەری زۆری لە سەر دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هەیە./.