ململانێی ئەمجارەی پارتی و یەکێتی لە سەر کۆشکی سەلام بە کوێ دەگات؟

(0) / / ڕاپۆرت / بەرهەم ساڵح


Oct 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

بە نزیکبوونەوە لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ململانێی دوو حیزبی سەرەکی کوردستان – پارتی و یەکێتی – لە سەر پۆستی سەرۆک کۆماریی ئەم وڵاتە توندتر بووە.

لە ساڵی 2005 وەک عورفێکی سیاسی لە عێراق وا بووە کە سەرۆک کۆمار پشکی کورد و لە ناو کوردیش بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دراوە، هەروەها سەرۆک وەزیران بۆ عەرەبی شێعە و سەرۆکی پەرلەمانیش پشکی عەرەبی سوننە بووە، ئەڵبەت ئەمەش هیچ ڕێکەوتنێکی فەرمی و یاسایەکی پەسەندکراوی لە سەر نییە کە بەم جۆرە باس لە دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لە نێوان ئەم سێ پێکهاتەدا بکات.

بە پێی دەستووری عێراق، سەرۆک کۆمار بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە هەڵدەبژێرێت و ئەگەر لە نێو کاندیدەکاندا هیچ یەک ئەو ڕێژەیە بە دەست نەهێنن، لە نێو ئەو دوو کەسەی کە زیاترین دەنگیان هێناوە دیسانەوە دەنگدان دەکرێت و ئەوەی کە زۆرینە بە دەست بێنێت دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق.

محەممەد زەنگەنە ئەندامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە سەر داهاتووی ئەم پۆستە ڕایگەیاندووە کە پارتی بە چاوی پشکی کوردستان و پێکهاتەی کورد لە پۆستی سەرۆک کۆمار دەڕوانێت نە پشکی حیزبێکی تایبەت.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕێکەوتنەکانی یەکێتی و لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی بەغدا نەدەبوو، ئەم حیزبە پۆستێکی باڵای وەهای بەرنەدەکەوت و جەلال تاڵەبانیش کاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەکێتی دەڵێت بە پێی ڕێکەوتنی لە گەڵ پارتی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان ئەم دوو حیزبەدا دابەش کراون و سەرۆکی هەرێم لای پارتی و سەرۆک کۆماری عێراقیش بۆ یەکێتی بووە.

زەنگەنە دەڵێت کە لە ئێستادا هەندێک عەرەبی سوننە چاویان بڕیوەتە پۆستی سەرۆک کۆمار و دەیانەوێت لەم خولەدا کورد پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت.

وتیشی کە تا ئێستا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنێک لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار نەکراوە و ناوی هیچ کەسێکیش یەکلایی نەبووەتەوە و ئەوەی کە لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری و بەرهەم ساڵح دەکرێت، هیچ بنەمایەکی نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش ڕایگەیاندووە کە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کورد و لە ناو کوردیش بۆ یەکێتی بووە و ئەمجارەش پێداگری لە سەر وەرگرتنەوەی دەکرێتەوە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە یەکێتی لە ساڵانی ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە کە سیاسەتەکانی لە ڕووی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەوە لە گەڵ ڕاستییەکانی عێراق یەک دەگرێتەوە.

وتیشی کە بەرهەم ساڵح سەرەکیترین کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هەرچەندە کەسانی دیکەش هەن.

هاوکات چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە کە نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ئامادە دەکات. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە سەرۆکی هەرێم سەرقاڵی فێربوونی زمانی عەرەبییە.

پێشتریش محەممەد حەلبوسی سەرۆکی ئێستا و مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق کە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی سوننەی ئەم وڵاتەن، داوایان کردبوو پۆستی سەرۆک کۆمار ئەمجارە بە عەرەبی سوننە بدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر هەواڵی ڕێکەوتنی پێشوەختەی سەدر و بارزانی بڵاو کرایەوە، ڕێکەوتنێک کە باسی ئەوەی دەکرد پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ سەدرییەکان و سەرۆک کۆماریش بۆ کاندیدی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەبێت./.