عێراقییەکان ساڵانە 657 ملیۆن دۆلار جگەرە دەکێشن

(0) / / فایلی تایبەت / مستەفا کازمی


Oct 04, 2021

قەبارەی فۆنت:

بە وتەی بەرپرسێک لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عێراقییەکان ڕۆژانە یەک ملیۆن و 800 هەزار دۆلار (نزیکەی 657 ملیۆن دۆلار لە ساڵدا) جگەرە دەکێشن.

بەرپرسێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاندووە کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی هاوردەی جگەرە بۆ ئەم وڵاتە سنوردار دەکات و بەرزکردنەوەی باج لە سەر جگەرەش لە داهاتوودا تاوتوێ دەکرێت.

ئەو بەرپرسە کە ناوەکەی بە ویستی خۆی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە عێراقییەکان ڕۆژانە یەک ملیۆن و 800 هەزار دۆلار جگەرە بەکار دێنن کە ساڵانە دەکاتە نزیکەی 657 ملیۆن دۆلار.

ڕاشیگەیاندووە کە لە پرۆژەیاسای ساڵی 2022 ی عێراق هەندێک قەدەغە لە سەر هاوردەکردنی جگەرە دادەنرێت و چۆنیەتی بەرزکردنەوەی باجی سەر هاوردەکردنەکەشی دیاری دەکرێت.

ئەو بەرپرسە ئەگەری ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەوانەی لە عێراقدا جگەرە دەکێشن لە سەدا 35 ی دانیشتووانی ئەم وڵاتە لە خۆ دەگرن، واتە کە لەو 41 ملیۆن عێراقییە نزیکەی 14 ملیۆن کەسیان جگەرە دەکێشن.

ئەحمەد معماری مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی بەغدا ڕایگەیاندووە کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی جگەرە کێشان لە وڵاتێکی وەک عێراق بە ئەزموونی چوار دەیە شەڕ و هەژاری و گەمارۆ و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاساییە.

وتیشی کە ئەو وڵاتانەی کە کەمترین ڕێژەی جگەرە کێشانیان هەیە، لە ڕاستیدا سەقامگیرترین وڵاتانن، هەر بۆیە دۆخێکی وەک ئێستای عێراق ئاساییە.

لە نێو وڵاتانی عەرەبی، عێراق لە بەکارهێنانی جگەرەدا پلەیەکی بەرزی هەیە و بەرپرسان تا ئێستا هیچ بڕیارێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە دەرنەکردووە.

جگەرە کێشان لە ڕووی تەندرووستی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە کێشەی بە دواوە دەبێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەم بوارەدا لە ئاستی جیهانیدا لە پلەی دووەمدایە./.