لە سەر سنوری بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا چی دەگوزەرێت؟

(0) / / فایلی تایبەت / کۆچبەران


Nov 13, 2021

قەبارەی فۆنت:

قەیرانی ئاوارەیی هەزاران کۆچبەر لە سنورەکانی نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا بە تایبەت لەم وەرزە ساردەی ساڵ و نەبوونی هیچ خزمەتگوزاری و فریاکەوتنێک، نیگەرانییەکی زۆری لە ئەگەری سەرهەڵدانی کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.

لەم ماوەیەدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی سەر سنوری بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەوانەی کە دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە بگەنە وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا.

بە هەزاران کۆچبەر لە سنورەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە کۆبوونەتەوە، ئەوانەی کە لە بیلاڕووسیاوە دەیانەوێت بچەنە دەرەوە بە هۆی ئەو هەموو بەربەستەی وڵاتی پۆڵۆنیا ناتوانن هەنگاوێک بنێن.

کۆچبەران لە کەشێکی سارد و بە بێ هەبوونی هیچ خزمەتگوزاری و پێداویستییەکی سەرەتایی و بە تایبەت خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکان ژیان بە سەر دەبەن و نیگەرانییەکان لە سەر ڕەوشی تەندرووستی ئەوان ڕووی لە زیادبوون کردووە.

زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستانن، ئەوان بە بێ هیچ چارەنووسێک لە سنورەکانی نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا ماونەتەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە بێ هیچ هەنگاوێکی کرداری تەنیا بە زارەکی نیگەرانی خۆیان لە سەر ئەو دۆخە ڕاگەیاندووە.

گرووپەکانی فریاگوزاری، ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران موڵەتی ئەوەیان نییە ناوچەکە بە سەر بکەنەوە.

سەرچاوەی قەیرانەکە

قەیرانی سنوریی نێوان پۆڵۆنیا و بیلاڕووسیا سەرەتای ئەمساڵ و لە پاش کاردانەوەی ئەلکساندر لۆکاشینکۆ سەرۆک کۆماری بیلاڕووسیا لە بەرامبەر گەمارۆکانی یەکێتی ئەورووپا دەستیپێکرد. هۆکاری گەمارۆکانیش دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی نەیاری بیلاڕووسیا لە ناو فڕۆکەیەدا بووە کە کاردانەوەی ئەورووپییەکانی بە دواوە بووە.

لە چەند مانگی ڕابردووش بە تۆمەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بە تایبەت لە پاش هەڵبژاردنەکانی ئابی 2020 ی بیلاڕووسیا، وڵاتانی ئەورووپی بەردەوام ڕەخنەیان لە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە گرتووە و بە چەکی گەمارۆکان ڕوبەڕوی بوونەتەوە.

ئەمەش توڕەبوونی لۆکاشینکۆی بە دواوە بوو و ڕایگەیاند کە چیدی ڕێگری لە گەیشتنی پەنابەران بە وڵاتانی ئەورووپی ناکات و حکومەتەکەی بودجەی پێویستی بۆ ئەم کارە نەماوە.

لەو کاتەشەوە، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بە تایبەت هاوسنور لە گەڵ بیلاڕووسیا، ڕایانگەیاندووە کە ئەوانەی هەوڵ دەدەن لە سنورەکانی ئەم وڵاتانەوە تێپەڕ ببن، ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

کێ تاوانبارە؟

پۆڵۆنیا سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە تاوانباری ئەم دۆخە ناو دەبات و مۆسکۆش بە توندی ڕەتیکردووەتەوە.

لە بەرامبەردا مۆسکۆ، پۆڵۆنیا و چەند وڵاتێکی یەکێتی ئەورووپای بە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی بیلاڕووسیا تۆمەتبار کردووە.

پێشبینی دەکرێت بە هۆی ئەم دۆخەوە زنجیرە سزایەکی دیکە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە بە سەر بیلاڕووسیادا بسەپێندرێت، ئەو وڵاتەش هۆشداریی داوە کە لە ئەگەری زیاتربوونی گەمارۆکان هەنگاوی دیکەی دەبێت.

هەڵوێستی وڵاتانی دیکە

تورکیا ڕێگری لە گەشتی هاووڵاتیانی سوریا، یەمەن و عێراق بەرەو بیلاڕووسیا دەکات. بەریتانیا تیمێکی سەربازیی بۆ هاوکاریکردنی پۆڵۆنیا ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە، ئەو تیمەش لە ڕووی تەکنیکییەوە لە سەر سنورەکان یارمەتیدەری هێزەکانی پۆڵۆنیا دەبن.

ئەم هەنگاوەی بەریتانیا نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە لەندەن دەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی ئەو کۆچبەرانە بدات کە لە سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە گیریان خواردووە نەک ئەوەی بە توندووتۆڵکردنی سنورەکان ڕێگری لە گەیشتنیان بە خاکی پۆڵۆنیا بکرێت./.