سەدرییە کەم ئەزموونەکان لە خولیای حکومڕانیدان

(0) / / ڕاپۆرت / موقتەدا سەدر


Nov 26, 2021

قەبارەی فۆنت:

لایەنگرانی ڕەوتی سەدر ئەزموونی ئەوەیان نییە کە عێراق لەم دۆخە دژوار و قەیراناوییەدا بەڕێوە ببەن، ئەوان بۆ ساڵانێک بەردەوام کەڵکیان لە هەلومەرجی عێراق و تۆمەتبارکردنی کابینە یەک لە دوای یەکەکان بە گەندەڵی وەرگرتووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەک لە سەر سێ فەرمانبەرانی دامودەزگا حکومییەکان، سەر بەم ڕەوتە بوون.

موقتەدا سەدر لە بەرەی سیاسی سائیرۆن لە 30 ی ئەیلولی 2021 بەڵێنی ئەوەیدا کە لە ئەگەری سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکان و گەیشتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کەسێکی سەر بەم ڕەوتە، پلانەکانی خۆی لە ماوەی سێ ساڵدا لە چوارچێوەی کابینەی نوێدا جێبەجێ بکات، سەدر ئەو بەڵێنەی لە بەرامبەر شوێنی مانەوەی خۆی لە شاری کوفە دا و لە وردەکاری پلانەکەشیدا وتی کە درووستکردنی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان، ئاسانکاری لە خزمەتگوزاری دامودەزگا حکومییەکان، دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتنەکانی پیشەسازی و کشتووکاڵی لە خۆ دەگرێت.

لایەنگرانی سەدر بەردەوام ئەو پەیامە بە نەیارانی خۆیان دەدەن کە ئەم کەسایەتییە ئائینییەی شێعە گەورەترین پێگەی کۆمەڵایەتیی هەیە و دەتوانێت گەورەترین خۆپێشاندانی جەماوەری بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەڕێوە ببات.

لە لایەکی دیکەوە، سەدر هەوڵ دەدات وا پیشان بدات کە لایەنگرانی لە کەسانی سیاسی و چالاکی میانەڕۆ پێک دێن، سەرەڕای ئەمەش، هەندێک بە گومانەوە لە خواستی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڕوانن. سەدر ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕەوتەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێرێت، هەوڵ دەدات بە هەموو شێوازێک ناوبانگی بنەماڵەکەی بپارێزێت.

ستار جەبار ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی سائیرۆن ڕایگەیاندووە کە سائیرۆن لە سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردندا زۆرینە بووە، ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ پاڵپشتییەکانی شەقام دەگەڕێتەوە، بەم بۆنەوە دەبێت سەرۆک وەزیران لە ڕەوتی سەدر بێت و بۆ ئەمەش سەرجەم ئامادەکارییەکان لە پێناو سەرکەوتن لە دوو بەرەی ناوخۆیی و دەرەکیدا کراوە.

عەبدولڕەحمان جبوری سەرۆکی ئەکادیمیای گەشەی حکومڕانی و سەرکردایەتی سیاسی، تواناکانی ڕەوتی سەدری بۆ بەڕێوەبردنی عێراق ڕوبەڕوی پرسیار کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە چاکسازییە ناوخۆییەکان کە سەدر باس لە جێبەجێکردنی دەکات و ئەو پلانەی کە ڕاگەێندراوە، لە گەڵ ئامانجی لایەنگران و ئەندامانی هاوپەیمانی سائیرۆن یەکناگرێتەوە و ناتوانن بۆ عێراقییەکان ئاسایش، ئازادی و ئاسوودەیی دابین بکەن.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە لایەنگرانی سەدر ئەزموونی بەڕێوەبردنی وڵاتیان لە کاتی قەیران و کێشەکاندا نییە، ئەوان بۆ ساڵانێک کەڵکیان لە هەلومەرجی وڵات و کابینە یەک لە دوای یەکەکان و تۆمەتبارکردنیان بە گەندەڵی وەرگرتووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە یەک لە سەر سێ فەرمانبەرانی دامودەزگا حکومییەکان سەر بە ڕەوتی سەدر بوون. لە ئاستی دەرەوەش کە پێویست بە بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان عێراق و وڵاتانی جیهان دەکات، پێویست بە نوێنەرایەتییەکی بەهێز دەکات و لەم دۆخە شڵەژاوەی نێودەوڵەتی و یەکگرتن و بەرکەوتنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بزوتنەوەی سەدر ناتوانێت باس لە دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی خۆی بکات و هەلومەرجەکە هێندە بە پێی خواستی سەدرییەکان نییە.

جبوری هەروەها ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ سیاسەتمەدار، ئەندامی پەرلەمان و بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار لە ڕەوتی سەدر نەبینراوە کە لە سیاسەتی دەرەوە خاوەن ئەزموون و شارەزایی بێت، سەرجەم ئەمانەش باس کرا بۆ ئەوەیە کە ئەگەر ڕەوتی سەدر پێداگری لە سەر گرتنەدەستی حکومەتی نوێی عێراق بکات، حکومەتێک دەبێت بە پێی کەڵک وەرگرتن لە پاڵپشتی شەقام و پەراوێزخراو لە ئاستی دەرەوە.

سەرەڕای ئەمەش، سەباح عەکیلی ئەندامی دیکەی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ڕەوتی سەدر، ڕایگەیاندووە کە هیچ بەربەستێک نییە ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەت لە لایەن ئەم ڕەوتەوە بکات.

بە بۆچوونی ناوبراو، پێکهێنانی حکومەت لە لایەن سەدرەوە بۆ کۆتایی هێنانە بە دیاردەی گەندەڵی لە عێراق و بۆ ئەمەش پشت بە پێگەی باڵای جەماوەری خۆی دەبەستێت، ڕەوتی سەدر 4 تا 5 ملیۆن لایەنگری هەیە و ئەمەش مافی هەر حیزبێکە کە داوای بکات، ڕەوتی سەدر پێش هەڵبژاردنەکان تا ئێستا جەخت لە سەر ئەم ئامانجە دەکاتەوە و خواستی کۆمەڵگاش ئەوەیە کە سەرۆک وەزیرانێک هەبێت گۆڕانکاری هەمەلایەنە و بنەڕەتی بخوڵقێنێت.

بەڵام عەباس عەبود سەرنووسەری ڕۆژنامەی سەباح پێی وایە کە هەلومەرجەکە هێندە سادە نییە و شانسی سەرکەوتنی ڕەوتی سەدر لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا بەم ئاسانییە مسۆگەر نابێت، سەرکەوتنی حکومەتی نوێی عێراق تەنیا بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی گەورەی سیاسی لە پەرلەمانەوە بەسراوە نابێت بەڵکوو پەیوەندی بە ڕووداوەکانی داهاتوو بە تایبەت سیاسەتی تاران و واشنتن و نەجەفەوە هەیە.

ئێحسان شمەری بەڕێوەبەری ناوەندی هزری سیاسی عێراقیش سەبارەت بە پێداگریی سەدرییەکان لە سەر وەرگرتنی دەسەڵاتی ئەمجارەی عێراق، ڕایگەیاندووە کە ئەمە پەیامێکە لە لایەن سەدرەوە بۆ هێزە سیاسییەکانی دیکەی شێعە کە کاندیدی سەرۆک وەزیران دەبێت ڕەزامەندی موقتەدای لە سەر بێت، هەروەها پەیامێکە بۆ کورد و سوننەش کە ڕەوتی سەدر هێزێکی چالاکە و لە قۆناغێکی نوێی خۆیدایە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە پلانی چاکسازییەکانی سەدر تا خشتەیەکی کاتی و وردەکاری جێبەجێکردنی ڕوون نەبێتەوە، چارەنووسی وەک کابینەکانی پێشوو دەبێت و سەرکەوتوو نابێت.

ڕەوتی سەدر پێش هەڵبژاردنەکان هەوڵی ئەوەی دەدا خۆی وەک هێزێکی کاریگەر پیشان بدات و پەیامی خۆی بە عێراقییەکان بگەێنێت و پیشان بدات کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر چی بێت، ئەمە ڕەوتی سەدرە کە قسەی یەکەم لە پرۆسەی سیاسیدا دەکات./.